سەردێڕ:

شاسوار عەبدولواحید: گەر ٣٠ رۆژ جارێک موچەی فەرمانبەرانمان نەدا با لەسێدارەم بدەن

فۆتۆ: 
2020-11-26

27973 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن تەحەدای لێدوانەکانی حکومەتی هەرێم و بەرپرسانی دەکات کە گوایە کەمی داهاتی هەرێم وایکردووە نەتوانن موچە دابەشبکەن. دەشڵێت، "ئەگەر ئێمە هەموو ٣٠ رۆژ جارێک موچەی فەرمانبەرانمان نەدا ئەوا با من لە سێدارە بدەن".

شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، ئەگەرحکومەت و بەرپرسانی هەرێم باس لە کەمی داهات دەکەن با داهاتی ناوخۆ و سنورەکان و نەوت تەسلیمی خەڵکانی شارەزا و دەرەوەی دەسەڵات بکەن.

ئەوەشی خستەڕوو، لە کاتی رادەستکردنی داهات بە ئۆپۆزسیۆن پێویست ناکات چاوەڕوانی پارەی بەغدا بکەن و هەموو ٣٠ رۆژ جارێك موچە بە فەرمانبەرانی هەرێم دەدرێت.

شاسوار عەبدولواحید باسی لەوەشکردووە، ئەگەر هەموو مانگێک موچەی فەرمانبەرانی دابەشنەکرد، ئامادەیە بچێتە بەردەم دادگا و لەسێدارەبدرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، لەماوەی سێ ھەفتەدا نرخی ھەر بەرمیلێک نەوت ١٠ دۆلار بەرزبووەتەوە، بەڵام نە پارەی نەوتەکە دیارە و نە حکومەتیش موچەی دابەشکردووە.