سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. لە دوو رووداوی هاتوچۆدا چوار کەس گیانیان لەدەستدا

فۆتۆ: 
2020-11-26

8701 جار خوێندراوەتەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ، لە رووداوێکی هاتوچۆدا لەسەر رێگەی رۆڤیا – هەولێر، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و چوار کەسیش برینداربوون. هاوکات، لە رووداوێکی هاتوچۆی دیکەدا، لەسەر رێگای سەرەکی هەولێر – کەرکوک دوو کەسی دیکە گیانیان لەدەستدا.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، دوای ئەوەی هاوڵاتیەک لەسەر رێگەی رۆڤیا – هەولێر توشی رووداوی هاتوچۆ بووەتەوە و کرێنی هێناوە ئۆتۆمبێلەکەی باربکات، لەولاوە ئۆتۆمبێلێکی دیکە کۆنترۆڵ لەدەستدەدات و خۆی پیایاندا دەکێشێت.

راشیگەیاند، لە ئاکامی ئەوەدا، دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و چواری دیکەش برینداربوون.

لەلایەکی دیکەوە، فازڵ حاجی وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند، کە هەر ئێوارەی ئەمڕۆ لەسەر رێگای هەولێر – کەرکوک لە نزیک دۆڵەبەکرە پیکابێکی دەبڵ بەهۆی تیژڕەوییەوە کۆنترۆڵی لەدەستداوە و لە شەقام دەرچووە و خۆی بە تانکەرێکدا کێشاوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کە بەهۆی ئەو رووداوەوە شۆفێر و سەرنشینی پیکابەکە گیانیان لەدەستداوە.

بەگوێرەی ئاماری هاتوچۆی هەرێم، بە تەنیا لە ساڵی ٢٠١٩دا، زیاتر لە چوار هەزار و ٤٠٠ ڕووداوی هاتوچۆ لە هەرێم روویداوە و تیایدا ٥٧٥ کەس گیانیان لەدەستداوە و شەش هەزار و ٨٠٠ کەسیش بریندار بوون.

تائیف گۆران، دهۆک