سەردێڕ:

تورکیا سزای بەندکردنی هەمیشەیی بۆ ٣٣٧ کەس دەرکرد

فۆتۆ: 
2020-11-26

2129 جار خوێندراوەتەوە

بە تۆمەتی تێوەگلان لە کودەتا سەرنەکەوتووەکەی ساڵی ٢٠١٦، دادگای تورکیا بڕیاری بەندکردنی هەمیشەیی بۆ ٣٣٧ کەس دەرکرد و بەوەش، ژمارەی ئەو کەسانەی سزای بەندکردنی هەمیشەییان لەسەر ئەو کەیسە بۆ دەرکراوە بۆ دوو هەزار و ٥٠٠ کەس بەرزبووەوە.

ئەمڕۆ پێنچشەممە، دادگای تورکیا بڕیاری بەندکردنی هەمیشەیی بۆ ٣٣٧ کەس بە تۆمەتی تێوەگلان لە کودەتا سەرنەکەوتووەکەی  ساڵی ٢٠١٦ دەرکرد. هاوکات، بەبێ ئامادەبوونی خۆی، سزای بەندکردنی هەمیشەیی بۆ فەتحوڵا گولەن، سەرۆکی بزوتنەوەی خزمەتی تورکیا دەرکرا.

هاوکات، بەبێ ئامادەبوونی خۆیان لە بەردەم دادگا، هەریەک لە فەتحوڵا گولەن، دامەزرێنەری بزوتنەوەی خزمەت کە لە ئێستادا لە ویلایەتی پەنسلڤانیا لە ئەمریکا دەژی و عادل ئۆکسوز مامۆستای شەریعەت بە تۆمەتی سەرپەرشتیکردنی کودەتاکەی ساڵی ٢٠١٦ سزای بەندکردنی هەمیشەییان بۆ دەرکرا.

بەگوێرەی ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکیا، لەناو ئەو کەسانەی دادگایی کراون ١٠٤ کەس بێتاوان دەرچوون و ٣٦٥ کەسی دیکە بەشێوەیەکی کاتی دەستبەسەرکران.

لەلایەکی دیکەوە، کەمال بەتماز بازرگانی دیاری تورکیا بە تۆمەتی هاوکاریکردنی عادل ئۆکسوز، کە یەکێکە لەو چوار کەسەی سزای توندیان بۆ دەرکراوە و بە ٧٩ ساڵ زیندانی سزادراوە.

هاوکات ٥٢٠ کەس لە دۆسیەی چالاکیەکانی گاردی کۆماری دادگایی دەکرێن کە تائێستا ٢٨٩ دادگاییکردن بەڕێوەچووە و نزیکەی چوار هەزار و ١٥٤ کەسی گومانلێکراو دادگایی کراون.

لە تەمموزی ساڵی ٢٠١٦ لە بنکەی ئاسمانی ئاکینجی لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا کۆمەڵێک ئەفسەری پلە باڵای ئەو وڵاتە هەوڵی کودەتایان بەسەر حکومەتەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان کرد و تیایدا سەرکەوتوو نەبوون. لە ئابی ٢٠١٧ دادگاییکردنی ٤٧٥ گومانلێکراو لە فڕۆکەوان بۆ یەکەمجار و لە گەورەترین هۆڵی دادگا لە زیندانی سینکان لە ئەنقەرە دەستیپێکرد.