سەردێڕ:

وتەبێژی کارەبای هەرێم: لەهیچ شوێنێکی دنیا ئەو رێژە کارەبایەی کوردستان بەکارنایەت

فۆتۆ: 
2020-11-22

1535 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی کارەبای هەرێم رایگەیاند، لەسەرەتای مانگی یانزەوە کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا لە هەرێم کەمیکردووە، ئەمەشی بۆ زۆری ریژەی خواستی هاوڵاتیان بۆ کارەبا گەڕاندەوە.

ئومێد ئەحمەد وتەبێژی کارەبای هەرێم لەمیانەی بەشداریکردنی لەبەرنامەی ٩٠ خولەکی ئێن ئاڕ تی دا باسی لەوەکرد، "لە ئێستادا، توانای بەرهەمهێنانی کارەبا لە نێوان ٣٢٠٠ بۆ ٣٣٠٠ میگاواتە، لەکاتێکدا خواستی کارەباش ٤٢٠٠ میگاواتە و بەرەوە زیادبوونیش دەڕوات."

ئەوەشخی ستەڕوو، "تەنها لەمانگی یانزەدا، ١١٠٠ مێگوات خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا زیادیکردووە، کە ئەوەش دەکاتە ٪٣٠ی زیاتری توانای بەرهەمەکە"، دەشڵێت، "بەکارهێنانی کارەبا لەدەرەوەی ستانداردە لە هەرێمی کوردستان و بەشێوەیەکی نائاسایی کارەبا بەکاردەهێنرێت." 

وتەبێژی کارەبای هەرێم لەبارەی پێوەری زیرەکەوە ئاماژەی بەوەکرد، "تا ئێستا ٤٠٠ هەزار پێوەر لەهەرێمی کوردستان دانراوە و لەپلانیشماندایە ئەم ژمارەیە بخەینە کار بۆ زستان، بۆ ئەوەی کۆنتڕۆلی خواست لەسەر کارەبا بکەین و روبەڕوبوونەوەی هەر گرفتێکی تەکنیکی ببینەوە"، وتیشی،" دەبێت پێوەر بۆ سەرجەم هاوبەشانی کارەبا دابنرێت کە ژمارەیان ملیۆنێک و ٣٠ هەزار هاوبەشە."

هاوکات، لەوەڵامی پرسیارێکی پێشکەشکاری ئێن ئاڕ تیشدا، لەبارەی ئەوەی ئایا جیاوازی لەبڕی پێدانی کارەبا لەرێگای پێوەری زیرەکەوە بە ئەمپێرە، یان ئایا روبەری خانوو یان شوێن کاریگەری دەکەنە سەر بڕی پێدانی کارەباکە؟، رایگەیاند، "هیچ رێگایەک بۆ سنوردارکردن لەریاگی ئەمپێرەوە یان جیاوازی رووبەر و شوێنەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە بڕی بەرهەمهێان و خواستی کارەباوە هەیە، بۆ نموونە گەر توانای بەرهەم سێ هەزار مێگاوات بوو و خواستیش هەر هەمان بڕبوو، ئەوا کارەبا بە ٢٤ کاتژمێر دەدرێت."

کیشەی کەمی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما و گەرمادا زیاد دەکات، بەتایبەتی لەکاتی هاتنی وەرزی سەرما کە بڕی پیدانی کارەبا بەڕێژەیەکی بەرچاوە کەمدەبێتەوە، هاوکات کابینە یەک لەدوای یەکەکانی حکومەتی هەرێم بەڵێنی باشترکردنی بارودۆخی کارەبای هەرێمییان داوە، بەڵام تا ئێستا دۆخەی کارەبا وەکو خۆیەتی.