سەردێڕ:

پۆلیسی سلێمانی لەبارەی هەڵکوتانە سەر چێشتخانەکەی عەقارییەوە روونکردنەوە دەدات

فۆتۆ: 
2020-11-22

66995 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی ئەمڕۆ ژمارەیەک کەس بە چەکە و جلی سەربازییەوە هەڵیانکوتایە سەر چێشتخانەی کامەران لە گەڕەکی عەقاری شاری سلێمانی، لەوبارەوە، بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، "هێرشبەرەکانی سەر چێشتخانەکەی عەقاری دەستگیرکراون."

ئاسۆ تەها بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی بە ئێن ئاڕتی راگەیاند، "هێرشبەرەکانی سەر چێشتخانەکەی عەقاری دەستگیر کراون"، ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ئێستاشدا لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئەو رووداوە بەردەوامە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ یەکشەممە ژمارەیەک کەس بە چەکە و جلی سەربازییەوە هەڵیانکوتایە سەر چێشتخانەی کامەران لە گەڕەکی عەقاری شاری سلێمانی و دوای رووداوەکە خاوەنی چێشتاخەنەکە رایگەیاندبوو، "ژمارەیەک کەس بە دوو ئۆتۆمبێلی جام رەش و چەکەوە کە بەشێکیان جلی سەربازیان لەبەردا بووە، کاتژمێر ١:٣٠ نیوەڕۆ و لەکاتی کارکدنیاندا هەڵیانکوتاوەتە سەر چێشتخانەکەیان و لێیان داون و هەڕەشەی کوشتنیان لێکردوون."

باسی لەوەشکردبوو، پرسیویەتی بۆچی وادەکەن؟، بەڵام ئەو چەکدارانە هەر لێیان داون و جنێویان پێداون و هەڕەشەی کوشتنیان لێکردوون، وتبووشی، نازانن ئەو کەسانە سەر بە کێن.

ئاماژەی بەوەشکردبوو، لە ماوەی رابردوودا ئەو کرێچی باوکی یەکێک لەو کەسانە بووە کە ئەمڕۆ هەڵیانکووتاوەتە سەری، وتبووشی، پاش ئەوەی کێشەی یاسایی کەوتە نێوانیان و بە یاسا تەواویان کردووە، چووەتە چێشتخانە نوێیەکەی و ئاوی سەربانیان لێگرتووەتەوە، ئەویش چووە سکاڵای تۆمارکردووە، بەڵام پاش ماوەیەک سكاڵاکەی کشاندووەتەوە، بەڵام ماددی گشتی "حق العام" هەر دەمێنێت، ئیتر ئەمڕۆ کوڕی ئەو کەسەی کرێچی بووە لەگەڵ ژمارەیەک چەکداردا هەڵیانکووتاوەتە سەری و لێیان داون.

راشیگەیاندبوو، کە ماوەی ٢١ ساڵە لەو شەقامەدا کاردەکات و کێشەی لەگەڵ هیچ کەسێکدا نەبووە، داواش لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەکات بە هانایەوە بچن و یارمەتی بدەن، لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری ئێن ئاڕ تیشدا کە بۆچی داوا لە یاسا ناکات وتی، لەبەر ئەوەی ئەو کەسانە یاسایی نەبوون و سەر بە کەسێک بوون.

ژاڵە محەمەد، سلێمانی

ئـ.بـ