سەردێڕ:

ئەردۆغان: جگە لە ئەوروپا هیچ شوێنێک بە شایستەی خۆمان نازانین

فۆتۆ: 
2020-11-22

3548 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک کۆماری تورکیا داوای ئەنجامدانی دیالۆگی لە یەکێتی ئەوروپا کرد و وتی، جگە لە ئەوروپا هیچ شوێنێک بە شایستەی خۆیان نازانن و کاردەکەن بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەوروپادا داهاتوویەکی هاوبەشیان هەبێت.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە وتارێکدا باسی لەوەکرد، لەو بڕوایەدان کە یەکێتی ئەوروپا بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات و ئەوان بە جیاواز سەیر نەکات، بەلایەنی کەمەوە کارنەکات بۆ ئەوەی ئابوورییەکەیان بکاتە ئامانج و وەک دوژمنێک مامەڵەیان لەگەڵ بکات.

رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لەوەشکرد، تورکیا دەخوازێت سوود لەو پەیوەندییە مێژوویی و دووقۆڵییەی نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکا وەربگرێت بۆ دۆزینەوەی رێگاچارەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ئاریشە هەرێمیی و جیهانییەکان.

ئەم پەیامەی ئەردۆغان لەکاتێکدایە، وابڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا، یەکێتی ئەوروپا سزا و ئابڵوقەی نوێ بەسەر تورکیادا بسەپێنێت.

لە ماوەی رابردووشدا، تورکیا بە مەبەستی دۆزینەوەی غازی سرووشتی کەشتی جەنگی رەوانەی سنورە ئاوییەکان کرد و بەو هۆیەوە گرژی و ناکۆکی نێوان ئەو وڵاتە و یۆنانی لێکەوتەوە. لەبەرامبەریشدا، یەکێتی ئەوروپا سزاکانی سەر تورکیای بۆ ساڵێکی تر درێژکردەوە.