سەردێڕ:

پەیامێک بۆ تاران.. واشنتۆن فڕۆکەی جەنگی B52ی لە ناوچەکەدا جێگیرکرد

ترەمپ تاوتوێی هێرشکردنە سەر ئێرانی کردووە
فۆتۆ: 
2020-11-22

17507 جار خوێندراوەتەوە

ناوەندی فەرماندەیی سوپای ئەمریکا رایگەیاند، لە هەنگاوێکی نوێیاندا فڕۆکەی جەنگی پێشکەوتووی بی52یان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگیرکردووە و کەناڵی فۆکس نیوزی ئەو وڵاتەش ئەو جوڵەیە وەکو "پەیامێک بۆ تاران" ناودەبات.

ناوەندی فەرماندەیی سوپای ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، کە جێگیرکردنی بی52 بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن و دۆستەکانیەتی لە ناوچەکەدا.

سوپای ئەمریکا باسی لەوە نەکردووە، کە ئایا ئەو فڕۆکە جەنگییە نوێیانەی لە کام وڵات و ناوچەدا جێگیرکردووە، بەڵام شارەزایان دەڵێن، کە پێدەچێت لە ناوچەکانی کەنداوی عەرەبیدا بێت.

ئەم هەنگاوەی واشنتۆن دوای چەند رۆژێک هات لە کۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ راوێژکارەکانی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی وڵاتەکەیدا بۆ تاوتوێکردنی هێرشکردنە سەر ئێران.

بەگوێرەی راپۆرتەکان، ترەمپ بەنیازبووە لە چەند هەفتەی داهاتوودا فەرمانی هێرشکردن بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەربکات، بەڵام راوێژکارەکانی ئامۆژگارییان کردووە ئەو هەنگاوە نەنێت.