سەردێڕ:

بیانووی حکومەتی ھەرێم بۆ دابەشنەکردنی موچە چییە؟

فۆتۆ: 
2020-11-21

20310 جار خوێندراوەتەوە

بیانووى حکومەتى هەرێم بۆ دابەشنەکردنى موچە نەناردنى ٣٢٠ ملیار دینارەکەى بەغدایە، لە کاتێکدا تاوەکو ئێستا شاندی هەرێم نەچووەتە بەغدا و تاوەکو شاندەکەش نەچێت و رێککەوتن نەکەن بەغدا پارە نانێرێت، کە بەپێی زانیارییەکانى ئێن ئاڕ تى، دواکەوتنى سەردانى شاندەکەى هەرێم پەیوەندى بە سەردانەکەى سەرۆکى حکومەتى هەرێمەوە هەیە بۆ ئەوروپا کە هێشتا سەرۆکی حکومەت نەگەڕاوەتەوە.

لە مانگى ئابى ئەمساڵدا، بەغدا رازیبوو بە ناردنى بڕى ٣٢٠ ملیار دینار بۆ ماوەى سێ مانگ، تائێستا بەغدا دوو جار ئەو بڕە پارەیەى بۆ هەرێم ناردووە، بەڵام سەربارى هاتنى ئەو پارەیەش، حکومەتى هەرێم پاش دواکەوتنێکى زۆر و بە لێبڕینیشەوە ئنجا موچەى دابەشکردووە.

هەرچەندە، ئەحمەد مەلا تەڵاڵ وتەبێژى حکومەتى عێراق پێشتر رایگەیاندبوو، بەغدا پابەندە بە ناردنى ٣٢٠ ملیارەکە بۆ هەرێم، بەڵام لوقمان وەردى ئەندامى پەرلەمانى کوردستان بە ئێن ئاڕ تى راگەیاندووە، ناردنى ئەو بڕە پارەیە پێویستى بە چوونى شاندى هەرێمە بۆ بەغدا.

جگە لە دابینکردنى ٣٢٠ ملیارەکە، ئەحمەد سەفار بڕیاردەرى لیژنەى دارایی لە پەرلەمانى عێراق بە ئاژانسى هەواڵى عێراقى راگەیاندووە، پشکى هەرێم لە بودجەى ٢٠٢١ بەپێی رێککەوتنى هەرێم و بەغدا دەبێت، کە وەزارەتى پلاندانانى عێراق رایگەیاندووە، لە ئێستادا ئامادەکردنى بودجەکە تەواوبووە و بڕیارە پاش خوێندنەوەى لە ئەنجومەنى وەزیران لە ماوەى مانگێکدا رەوانەى پەرلەمان بکرێت.

رۆژى ١٥ى ئەم مانگەدا، نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێم رایگەیاند، بەم زووانە شاندێکى هەرێم سەردانى بەغدا دەکات، بەڵام پاش شەش رۆژ هێشتا دیارنییە کەى ئەو شاندە دەڕوات.

بەپێی زانیارییەکانى ئێن ئاڕ تى، دواکەوتنى سەردانى شاندەکەى هەرێم پەیوەندى بە سەردانەکەى سەرۆکى حکومەتى هەرێمەوە هەیە بۆ ئەوروپا کە هێشتا نەگەڕاوەتەوە.

بەشێک لە هاوڵاتیانى هەرێم پرسیارى ئەوەیان لادروستبووە، ئایا دەکرێت حکومەتى هەرێم هێندە خەمساردبێت بەرامبەر موچەخۆرانى، کە کارێکى وا گرنگ ببەسترێتەوە بە گەڕانەوەى سەرۆکى حکومەتەوە لە سەردانەکەى، لە کاتێکدا لە ئێستادا زیاتر لە ٣٥ رۆژە موچە دابەشنەکراوە.

ئەو هاوڵاتیانە دەشڵێن، ئایا دەکرێت سەرۆکى حکومەت ئەوەندە دەسەڵات نەدات بە جێگرەکەى بۆ پێکهێنانى شاندێک بۆ بەغدا؟ یان حکومەتى هەرێم بەمەبەست دەیەوێت هاتنى پارەکەى بەغدا زیاتر دوابکەوێت بۆ ئەوەى ببێتە بیانویەکى دیکە تاکو لە ئێستاوە تا کۆتایی ساڵ یەک موچە دابەشبکات.

رۆژی ١٢ی ئەم مانگە، پەرلەمانی عێراق پڕۆژە ياسای قەرزی بەبێ رەزامەندی پەرلەمانتارانی کورد پەسەندکرد و بەپێی پڕۆژەياساکە، دەبێت هەرێمی کوردستان پابەند بێت بە ناردنی ئەو بڕە نەوتەی کۆمپانيای سۆمۆ دياريدەکات لە بەرامبەر ناردنی موچەدا، ئەوەش ناڕەزایەتی بەرپرسانی هەرێمی لێکەوتەوە.

دواتریش حکومەتی عێراق بڕیاریدا موچەی دوو مانگی فەرمانبەرانی خۆی دابەشبکات، بەڵام تائێستا بڕیاری یەکلاکەرەوەی لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و ناردنی پارەوە دەرنەکردووە.