سەردێڕ:

ھێزێکی سەربازی ھۆڵەندا دێنە ھەولێر

فۆتۆ: 
2020-11-21

11598 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بەرگری هۆڵندا رایگەیاند، لە سەرەتای ساڵی داھاتوودا، زیاتر لە ١٠٠ سەرباز رەوانەی ھەرێمی کوردستان دەکەن، لەوبارەوە، وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، ئەو سەربازانە بە مەبەستی مەشق و راھێنانکردن بەھێزەکانیان و ھاوکاریکردنی وەزارەتەکەیان لە پڕۆسەی چاکسازیدا دێنە ھەرێم.

وەزارەتی بەرگریی هۆڵندا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، وڵاتەکەیان لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراقدا بڕیاری ناردنی  ١٠٠ بۆ ١٥٠ سەربازی بۆ هەرێمی کوردستان پەسەندکردووە.

باس لەوەشکراوە، لەوانەیە یەکەم کاروانی سەربازی ھێزەکانیان لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمدا بەرەو هەرێمی کوردستانی بنێردرێت، دەشڵێت، هێزەکانی هۆڵەندا ھاوشانی هێزەکانی ئەمریکا بۆ پاراستنی کارمەندان و کەلوپەلەکان لە فڕۆکەخانەی هەولێر کاردەکەن، وەک بەشێک لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.

لەوبارەشەوە، بابەکر فەقێ بەڕێوەبەری راگەیاندن و رۆشنبیری وەزارەتی پێشمەرگە بە ماڵپەڕی پارتی راگەیاندووە، ناردنی ١٥٠ سەرباز لەلایەن ھۆڵەنداوە بۆ ھەرێم بۆ دوو مەبەستە، کە مەشق و راھێنانکردنە بەھێزەکانی پێشمەرگە و ھاوکاریکردنی وەزارەتەکەیانە لە پڕۆسەی چاکسازیدا.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ٩ی ئەم مانگەدا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە ھۆڵەندا لەگەڵ مارک رووتە سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەدا کۆبووەوە، ھاوکات، لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە پرسەکانی ئاسایش و سەقامگیری ھەرێم و ناوچەکە و یارمەتییەکانی ھۆڵەندا بۆ هێزی پێشمەرگە کردبوو.