سەردێڕ:

تورکیا ئۆپەراسیۆنەکانی لە دەریای ناوەڕاست درێژکردەوە

فۆتۆ: 
2020-11-21

1873 جار خوێندراوەتەوە

هێزی دەریای تورکیا رایگەیاند، تورکیا وادەی ئۆپەراسیۆنەکانی لەدەریای ناوەڕاست تا ٢٩ی تسرینی دووەم درێژکردەوە.

ئەمڕۆ شەممە، هێزی دەریای تورکیا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، کە تورکیا ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانی کەشتییەکانی "ئوروچ رەیس"، "ئاتمان" و "جەنگیزخان"ی لەناوچە ئاوییەکانی رۆژئاوای یۆنان، تا ٢٩ی ئەم مانگە درێژ کردەوە، لەکاتێکدا بڕیاربوو کە لە ٢٣ی ئەم مانگە چالاکییەکانی لەو ناوچەیەدا رابگرێت.

پێشتریش، ئەنقەرە لەمانگی ئەیلولدا بەئامانجی ئەنجامدانی هەوڵە دیبلۆماسییەکان لەگەڵ یۆنان، کەشتی "ئوروچ رەیس"ی لەناوچەکە کشاندەوە، بەڵام دواتر رەوانەی هەمان شوێنی کردەوە، ئەمەش کاردانەوەی ناڕازەیەتی یۆنان، فەڕەنسا و ئەڵمانیای بەدواداهات.

لەماوەی چەند مانگی رابردوودا، پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یۆنان گرژی زۆری تێکەوتووە، بەهۆی ئەوەی تورکیا دەیەوێت لە رۆژهەڵاتی دەریایی ناوەڕاست بە دوای نەوت و غازدا بگەڕێت و یۆنانیش رەتیدەکاتەوە رێگە بەو ئۆپەراسیۆنەی تورکیا بدات.

هەريەک لە يۆنان و تورکيا ئەندامی ناتۆن و چەند ساڵێک دەبێت کێشەی سنور لە نێوانياندا هەيە و بەم دواييانەش گرژييەکانی نێوانيان رووی لە هەڵکشان کردووە، بە تايبەت دوای واژۆکردنی رێککەوتنێک لە ساڵی ٢٠١٩ لە نێوان ليبيا و تورکيا بۆ گواستنەوەی شتومەک و کەلوپەل لە رێگەی دەريای ناوەڕاستەوە نزيک لە سنوری يۆنان.