سەردێڕ:

بۆ یەکەمجار نێچیرڤان بارزانی بەئاشکرا باسی رێککەوتنی ٥٠ ساڵەی لەگەڵ تورکیادا کرد

فۆتۆ: 
2020-11-16

26114 جار خوێندراوەتەوە

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ جاری یەکەم بە ئاشکرا دانی بەوەدا نا، کە لەسەر نەوت رێککەوتنی پەنجا ساڵەیان لەگەڵ تورکیا کردووە، بەڵام وتی: ئەو رێککەوتنە کاریگەری نابێت لەسەر رێککەوتنیان لەگەڵ بەغدادا.


نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ جاری یەکەم بە ئاشکرا دانی بەوەدا نا، کە لەسەر نەوت رێککەوتنی پەنجا ساڵەیان لەگەڵ تورکیا کردووە، بەڵام وتی: ئەو رێککەوتنە کاریگەری نابێت لەسەر رێککەوتنیان لەگەڵ بەغدادا.

بەپێی رێککەوتنەکەش، ئەو پارانەى کە دەدرێت بە حکومەتى هەرێم، لە هاڵک بانک هەڵدەگیرێت، کە بانکێکى حکومەتى تورکیایە.

ئەمە یەکەمجارە بەرپرسێکى هەرێم بە ئاشکرا بۆ خەڵک باس لە رێککەوتنى ٥٠ ساڵەى نەوت و غازى هەرێم لەگەڵ تورکیا بکات، بەڵام پیشتر و لە ساڵى ٢٠١٤ نێچیرڤان بارزانى لە پەرلەمانى کوردستان لە وتارێکیدا رایگەیاند، ئەوان گرێبەستێکیان لەبوارى وزەدا لەگەڵ تورکیا واژۆکردووە بۆ ماوەى ٥٠ ساڵ، ئەگەر پێویستیش بکات درێژیدەکەنەوە.

گرێبەستەکە لە رۆژى ٢٧ى تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠١٣ لەلایەن نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى پێشووى حکومەتى هەرێم و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک وەزیرانى ئەو کاتى تورکیاوە واژۆکرا.

وەک بەشێک لە رێککەوتنەکە، کۆمپانیایەکى سەربە حکومەتى تورکیا بە ناوى (کۆمپانیاى وزەى تورکیا)، گرێبەستێکى واژۆکردووە بۆ کارکردن لە ١٣ بلۆکى دۆزینەوەى نەوت. لە نزیکەى نیوەى ئەو بلۆکانەدا لەگەڵ گەورە کۆمپانیاى وزەى ئەمریکى ئیکسۆن مۆبیل کاردەکات، هەروەها کۆمپانیاى وزەى تورکیا دەبێتە خاوەنى زۆرینەى پشکەکانى حەوت بلۆکى نەوت لە هەرێمى کوردستان، ئەوانیش پەڵکانە، جەبەل قەند، عەربەت، چۆمان، هەندرێن، خورمەڵە و خەلەکانن.

پارەى گرێبەستەکە، واتە ئەو پارانەى کە دەدرێت بە حکومەتى هەرێم لە هاڵک بانک هەڵدەگیرێت، کە بانکێکى حکومەتى تورکیایە، ئەوەش پاش ئەوەى حەقى بەڵێندەرەکەى لێدەدرێت.

بەپێی گرێبەستەکە تورکیا مافى لە پێشینەى دەبێت بۆ هەناردەکردنى نەوتى حکومەتى هەرێم، بەڵام ئەوەش وتراوە، حکومەتى هەرێم خۆى نەوتەکەى بە بازاڕدەکات و مامەڵە لەسەر نرخەکەى لەگەڵ کڕیارەکان دەکات، بەڵام کۆمپانیا تورکییەکە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ بارە نەوتەکان و کۆگاکردنى نەوت و بارکردنیان بۆ ناو کەشتییە نەوتییەکان.

هەر بەپێی رێککەوتنەکە، تورکیا دەتوانێت ساڵانە تاکو بڕى ٢٠ ملیار مەتر سێجا غاز لە هەرێمى کوردستان بکڕێت لە رێگەى بۆرییەکى غازى نوێوە، کە لە رێى تورکیاوە دروستدەکرێت.

حکومەتى هەرێم هێڵی بۆرى نەوتى تا سەر سنورى تورکیا تەواوکردووە، لە سنورى تورکیا نەوتەکە بە هێڵی بۆرى نەوتى کۆمپانیا تورکییەوە دەڕوات کە پێشتر هەبووە، تورکیا و هەرێم رێکەوتوون لەسەرئەوەى تورکیا دەتوانێت نەوت لە هەرێمەوە بە نرخێکى داشکێنراو هاوردە بکات و کۆمپانیا تورکیەکەش لەسەدا یەکى ئەو نەوتەى بەردەکەوێت کە بە بۆریەکەدا دەگوازرێتەوە وەک نرخى گواستنەوە بۆ تورکیا.

بەڵام بەشێک لە پەرلەمانتارانى هەرێم پێیان وایە، گرێبەستەکە جگە لە بوارى وزە، رەهەندى سەربازیى و ئەمنیشى هەیە، بۆیە تا ئێستاش ناوەڕۆکەکەى بە نهێنى ماوەتەوە.