سەردێڕ:

ترەمپ: کەس نازانێت کێ دەبێتە سەرۆکی چوار ساڵی داهاتووی ئەمریکا

ترەمپ دان بە بردنەوەی بایدندا نانێت
فۆتۆ: 
2020-11-14

7274 جار خوێندراوەتەوە

دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئێستای ئەمریکا و کاندیدی کۆماریەکان رایگەیاند، هیچ کەس نازانێت کێ دەبێتە سەرۆکی داهاتووی وڵاتەکەی و کات ئەو پرسە یەکلایی دەکاتەوە.

دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئێستای ئەمریکا و کاندیدی کۆماریەکان لە یەکەمین دەرکەوتنیدا دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی، لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا دانی بە سەرکەوتنی جۆ بایدنی کاندیدی دیموکراتەکاندا نەنا و وەڵامی هیچ پرسیارێکی لەوبارەیەوە نەدایەوە.

راشیگەیاند، کە هێشتا پرسی یەکلابوونەوەی سەرۆکی چوار ساڵی داهاتووی ئەمریکا تەواو نەبووە و کەس نازانێت کێ دەیباتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، تاوەکو ئێستا بایدن زیاتر لە ٢٧٠ دەنگی دەستەی نوێنەرانی هەڵبژاردنی سەرۆکی بەدەستهێناوە و بەوەش وەکو سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دیاریکراوە.

 وابڕیارە رۆژی ١٤ی مانگی داهاتوو، دەستەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا کە لە ٥٣٨ ئەندام پێکدێت کۆببنەوە و دەنگ بە سەرۆک و جێگری چوار ساڵی داهاتووی ئەمریکا بدەن.

 دەستەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ٥٣٨ ئەندام پێکهاتووە، هەر چەند ئەندامێک نوێنەری دەنگی ویلایەتێکن، رێژەی دەنگەکان بەگوێرەی ئاستی دانیشتوانی ویلایەتەکەیە، بۆ نموونە ویلایەتی کالیفۆڕنیا ٥٥ دەنگی دەستەی هەڵبژاردنی هەیە و ئەوەش بەمانای ٥٥ دەنگ دێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، بەڵام ویلایەتەکانی ویمۆنگ، ئالاسکا و داکۆتای باکوور هەریەکێکیان تەنیا سێ دەنگیان هەیە لە دەستەی هەڵبژاردن چونکە بچوکترین ویلایەتەکانن لە رووی رێژەی دەنگەوە.

‌بەپەلە