سەردێڕ:

لە ئەمریکا دەنگی سەرجەم ویلایەتەکان جیاکرانەوە

فۆتۆ: 
2020-11-13

35461 جار خوێندراوەتەوە

دوایین ویلایەتەکانیش، کە بریتین لە جۆرجیا و کارۆلینای باکور، دەنگەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییان بە تەواوی جیاکردەوە، بەوەش کۆی ژمارەی کورسییەکانی جۆ بایدن گەیشتە ٣٠٦ کورسی و دۆناڵد ترەمپیش گەیشتە ٢٣٢ کورسی.

 میدیاکانی ئەمریکا رایانگەیاند، ئەنجامی دەنگەکانی ھەریەک لە ویلایەتەکانی جۆرجیا و کارۆلینای باکوریش وەک دوایین دوو ویلایەت بڵاوکرایەوە، کە بایدن توانی کورسییەکانی ویلایەتی جۆرجیا بباتەوە، کە ١٦ کورسییە، ھاوکات دۆناڵد ترەمپیش توانی کورسییەکانی ویلایەتی کارۆلینای باکور بە دەستبھێنێت، کە ١٥ کورسییە. 

ماوەی چەند رۆژێکیشە، میدیاکانی ئەمریکا جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان بە سەرۆکی هەڵبژێردراوی وڵاتەکە ناو دەبەن و بەشێکی زۆری وڵاتانیش پیرۆزبایی لە بایدن دەکەن و بە سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ئەمریکا ناوی دەبەن. 

لە رۆژی ٣ی ئەم مانگەدا، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڕێوەچوو، کە پاش تەواوبوونی ماوەی دەنگدان دەستبە جیاکردنەوەی دەنگەکان کرا و هەر لە سەرەتای جیاکردنەوەی دەنگەکانیشدا جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان بە جیاوازییەکی بەرچاو لەپێش دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئێستای ئەمریکا و کاندیدی کۆمارییەکانەوە بوو.

لەدوای هەڵبژاردنەکەشەوە تاوەکو ئێستا، دۆناڵد ترەمپ تویت دەکات و دەڵێت، کە هێشتا ئەنجامەکان یەکلانەبوونەتەوە و ئەو براوە دەبێت.