سەردێڕ:

دەستەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا کێن؟

فۆتۆ: 
2020-11-13

2036 جار خوێندراوەتەوە

دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا و دەستنیشانکردنی جۆ بایدن وەک پاڵێوراوی براوە بەسەر دۆناڵد ترەمپی پاڵێوراوی کۆمارییەکاندا، وابڕیارە رۆژی ١٤ی مانگی داهاتوو، دەستەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا کە لە ٥٣٨ ئەندام پێکدێت کۆببنەوە و دەنگ بە سەرۆک و جێگری چوار ساڵی داهاتووی ئەمریکا بدەن.

ئەو ئەندامانە کێن؟ کێ ئەوانی هەڵبژاردووە؟

دەستەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ٥٣٨ ئەندام پێکهاتووە، هەر چەند ئەندامێک نوێنەری دەنگی ویلایەتێکن، رێژەی دەنگەکان بەگوێرەی ئاستی دانیشتوانی ویلایەتەکەیە، بۆ نموونە ویلایەتی کالیفۆڕنیا ٥٥ دەنگی دەستەی هەڵبژاردنی هەیە و ئەوەش بەمانای ٥٥ دەنگ دێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، بەڵام ویلایەتەکانی ویمۆنگ، ئالاسکا و داکۆتای باکوور هەریەکێکیان تەنیا سێ دەنگیان هەیە لە دەستەی هەڵبژاردن چونکە بچوکترین ویلایەتەکانن لە ڕووی رێژەی دەنگەوە.

هەر ویلایەتێک، بەگوێرەی رێژەی دانیشتوانی ویلایەتەکەی نوێنەری لە دەستەی هەڵبژاردن هەیە، گەر پاڵێوراوێکی سەرۆکایەتی ئەمریکا رێژەی ٥٠+١ بباتەوە، ئەوکاتە سەرجەم دەنگەکانی ئەو ویلایەتەی پێدەدرێت. هەروەها، لە کۆی ٥٣٨ دەنگەکەی دەستەی هەڵبژاردن سێ دەنگیان سەر بە دادگای باڵای ئەو وڵاتەن.

دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا، بەشێوەیەکی فەڕمی هەر ویلایەتێک نوێنەرەکانی خۆی دەستنیشانکردووە، کە لەلایەن پارتە سیاسییەکانیانەوە هەڵبژێردراون و دەنگی زۆرینەیان لەلایەن خەڵکەوە پێدراوە.

لە کاتی خۆپاڵاوتنیاندا، ناو و ناسنامەی ئەو کەسانەی دەبنە دەستەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لەسەر کارتی دەنگدان نانوسرێت چونکە حزبەکان دیاریان دەکەن، هاوکات بەگوێرەی دەستوری ئەمریکا ویلایەتەکان سەرپشک کراون لەوەی کە چۆن نوێنەرەکانی خۆیان هەڵدەبژێرن.

لە ١٤ی مانگی کانوونی یەکەمدا، ئەندامانی دەستەی هەڵبژاردن لە سەرجەم ویلایەتەکان بۆ دەنگدان لەسەر سەرۆک و جێگری چوار ساڵی داهاتووی ئەمریکا کۆدەبنەوە و دەنگەکانیان لەلایەن ویلایەتەکانەوە دەنێردرێت بۆ واشنتۆن تا لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوودا ئاشکرا بکرێت.

رێککەوتی کۆبوونەوەی دەستەی هەڵبژاردنی سەرۆک لە دەستووری ئەمریکادا باسکراوە و تیایدا هاتووە، کە دەستەکە دەبێت لە یەکەم دووشەممەی دوای دووجار چوارشەممە لە مانگی کانونی یەکەمدا کۆببنەوە و دەنگ لەسەر دەرۆکایەتی ئەمریکا بدەن.

رۆژی ٣ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڕێوەچوو، تیایدا هەریەک لە جۆ بایدنی پاڵێوراوی دیموکراتەکان و دۆناڵد ترەمپی پاڵێوراوی کۆمارییەکان کێبڕکێی بردنەوەی پۆستی سەرۆکی چوار ساڵی داهاتوی ئەو وڵاتەیان کرد، لە ئەنجامدا جۆ بایدن بە بەدەستهێنانی زیاتر لە ٢٧٠ دەنگی دەستەی هەڵبژاردن و زیاتر لە ٧٧ ملیۆن دەنگی گشتی، وەک سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دیاریکرا.