سەردێڕ:

بۆچی روسیا و چین پیرۆزبایی لە بایدن ناکەن؟

فۆتۆ: 
2020-11-10

10521 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی روسیا و چین رەتیدەکەنەوە پێش تەواوبوونی پرۆسە یاسایەکان پیرۆزبایی لە جۆ بایدنی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بکەن.

رۆژنامەی دەیلی مەیلی بڵاویکردوە، ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا و شی جین پینگ سەرۆکی چین رەتیان کردووەتەوە پێش تەواوبوونی پرۆسە یاسایەکان و راگەیاندنی ئەنجامەکان بە فەرمی پیرۆزبایی لە جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بکەن.

لەوبارەوە، رۆژنامەکە لە زاری وتەبێژی ڤلادیمیر پوتینەوە رایگەیاندووە، "سەرۆکی روسیا پێیوایە، ئەمریکا تەنیا ئەو کاتە سەرۆکێکی نوێی دەبێت، کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بە فەرمی رابگەیەنرێت و لە ئێستادا کارە دروستەکە چاوەڕێکردنە."

هاوکات، میدیاکان دەشڵێن، شی جین پینگی سەرۆکی چینیش بە هەمان شێوەی پوتین رەتیکردووەتەوە پیرۆزبای لە بایدن تا ئەو کاتەی بە فەرمی ئەنجامەکان رادەگەیەنرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، هەردوو سەرۆکی روسیا و چین لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکادا لە ساڵی ٢٠١٦دا و هەر دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان پیرۆزباییان لە دۆناڵد ترەمپ کرد.

رۆژی ٧ی ئەم مانگە، میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان ٢٩٠ دەنگی دەستەی هەڵبژاردنی سەرۆکی بەدەستهێناوە و بووەتە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا.