سەردێڕ:

ترەمپ بەنیازە خۆی بۆ ٢٠٢٤ کاندید بکاتەوە

فۆتۆ: 
2020-11-10

4203 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپەڕی ئەکسیوسی ئەمریکی بڵاویکردەوە، سەرۆکی ئەمریکا بیۆرکەی دووبارە خۆ کاندیدکردنەوەی بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٤ لەگەڵ راوێژکارەکانی تاوتوێدەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە، ماڵپەڕی ئەکسیوسی ئەمریکی لە سەرچاوەیەکی نزیک لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئێستای ئەمریکاوە کە ماڵپەڕەکە ناوی نەهێناوە بڵاویکردەوە، ترەمپ لەگەڵ هەندێک لە راوێژکارەکانی بیرۆکەی دووبارە خۆ کاندیدکردنەوەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٤ تاوتوێ کردووە و ماڵپەرەکە ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەم هەوڵەی ترەمپ ئاماژەیە بەوەی "ترەمپ لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٠ تێدەگات."

هاوکات، تاوەکو ئێستا کەمپەینی ترەمپ هیچ لێدوانێکی فەرمیان لەبارەی ئەم بابەتەوە نەداوە.

لەلایەکی دیکەوە، ترەمپ تائێستا دانی بە ئەنجامەکاندا نەناوە و کەمپەینەکەشی لە چەند ویلایەتێک سکاڵا و داوای یاساییان لە دادگا تۆمار کردووە.

پێشتر ترەمپ لە تویتێکیدا رایگەیاندبوو، "لەم هەڵبژاردنانەدا براوەبووم"، لە لێدوانێکیشیدا لە کۆشکی سپی لەبەردەم لایەنگر و دەنگدەرانی ئاماژەی بە هەوڵی دزینی دەنگەکانی کرد.

لەلایەکی ترەوە لینزی گراهام ئەندامێکی دیاریی کۆمارییەکان لە کۆنگرێس رایگەیاند، هانی ترەمپیداوە لەکاتی سەرنەکەوتنی لە تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی لە دادگا، بۆ درێژەدان بە ژیانی سیاسی، خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٤ کاندید بکاتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، دەستوری ئەمریکا رێگەدەدات بەسەرۆک خۆی بۆ دوو خولی هەڵبژاردن کاندید بکات، بەڵام مەرجی دانەناوە هەر دوو خولەکە بەسەریەکەوەبن، هەروەکچۆن گروفەر کیلفلاند لە دوو خولی جیادا توانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت لە ساڵانی ١٨٨٥ و ١٨٩٧.

رۆژی شەممە ٧ی تشرینی دووەم، میدیاکانی ئەمریکا سەرکەوتنی جۆ بایدن، کاندیدی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا، لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتەیان بڵاوکردەوەوە و بەمەش بایدن بوو بە ٤٦ـەمین سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەو وڵاتە.