سەردێڕ:

جۆرج دەبلیو بوش پیرۆزبایی لە بایدن دەکات

فۆتۆ: 
2020-11-09

3698 جار خوێندراوەتەوە

جۆرج دەبلیو بوش سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا لەسەر پارتی کۆماریەکان، پیرۆزبایی لە جۆ بایدنی کاندیدی دیموکراتەکان کرد و هەڵبژاردنەکەشی بە پاک و بێگەرد ناوبرد.

ماڵپەری سکای نیوز بڵاویکردەوە، جۆرج دەبلیو بوشی سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا لە رایگەیاندووە، کە لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا و بەبۆنەی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکادا، پیرۆزبایی لە جۆ بایدنی سەرۆکی هەڵبژێراوی ئەمریکا کردووە.

بوش باسی لەوەشکردووە، جۆ بایدن "كەسێکی باشە" کە دەرفەتی سەرکردایەتیکردن و یەکخستنی وڵاتەکەمانی بردووەتەوە. راشیگەیاندووە، ئەمریکیەکان دەتوانن لەوە دڵنیا بن، کە هەڵبژاردنەکە پاک و بێگەرد بوو.

هاوکات، بوش بە بۆنەی بەدەستهێنانی دەنگی ٧٢ ملیۆن ئەمریکی لە هەڵبژاردنەکەدا، پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئێستای ئەمریکا و کاندیدی کۆماریەکان کردووە.

لەبارەی سکاڵاکانی دۆناڵد ترەمپەوە باسی لەوەکردووە، کە مافی خۆیەتی داوای دووبارە ژماردنەوەی دەنگەکان بکات.

رۆژی ٧ی ئەم مانگە، زۆرینەی میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، کە جۆ بایدنی کاندیدی دیموکراتەکان زیاتر لە ٢٧٠ دەنگی دەستەی هەڵبژاردنی سەرۆکی بەدەستهێناوە و بەوەش بووەتە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەو وڵاتە.