سەردێڕ:

یەکەم لێدوانی تورکیا لەبارەی سەرکەوتنی بایدنەوە

فۆتۆ: 
2020-11-08

12540 جار خوێندراوەتەوە

جیاواز لە بەشێک لە وڵاتانی دنیا کە لەسەر ئاستی سەرۆک و سەرۆکوەزیرانەکان پیرۆزباییان لە جۆ بایدن کرد بەهۆی بوونە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، تاوەکو ئێستا تورکیا بە بێدەنگی ماوەتەوە و کەمێک لەمەوبەریش جێگری سەرۆککۆماری تورکیا باس لە بەردەوامبوونی کاری هاوبەش کرد لەنێوان ئەنقەرە و واشنتۆندا.

ئەمڕۆ یەکشەممە، بەهۆی هەڵبژاردنی جۆ بایدن وەک سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، فواد ئۆکتای جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاند، "ئێمە بەردەوام دەبین لە کاری هاوبەش لەگەڵ ئیدارە نوێکەی ئەمریکادا".

ئەمەش لە کاتێکدایە کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا و بیناڵی یەڵدرم سەرۆکوەزیران هیچ لێدوانێک یان پیرۆزباییەکیان لە جۆ بایدن نەکردووە، هاوکات، لە لێدوانەکەی جێگری سەرۆککۆماریشدا پیرۆزبایی تێدا نییە.

لە ماوەی رابردوودا، باس لە هاوڕێیەتی نێوان دۆناڵد ترەمپی کاندیدی کۆماریەکان و ئەردۆغان دەکرا بە جۆرێک ساڵی رابردوو بەهۆی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکاوە بەشێکی بەرچاوی خاکی رۆژئاوای کوردستان لەلایەن تورکیاوە داگیرکرا.

شەوی رابردوو میدیاکانی ئەمریکا رایانگەیاند، جۆ بایدنی کاندیدی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەمساڵی سەرۆکایەتی ئەمریکا، توانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، پاش ئەوەی توانی ٢٩٠ کورسی لە دەستەی هەڵبژاردنەکان کۆبکاتەوە.