سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. لایەنگرانی ترەمپ لە ناوچە جیاوازەکانی ئەمریکا خۆپیشاندان دەکەن

بانگەشەی دزرانی دەنگەکان دەکەن
فۆتۆ: 
2020-11-08

3019 جار خوێندراوەتەوە

بەبۆنەی سەرکەوتنی جۆ بایدنی کاندیدی دیموکراتەکان وەکو سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپی کاندیدی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتی، لە ناوچە جیاوازەکانی ئەو وڵاتەدا رژاونەتە سەر شەقامەکان و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە دزراوە.

پاش راگەیاندنی سەرکەوتنی جۆ بایدن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا لایەنگرانی دۆناڵد ترمپ خۆپیشاندانێکیان لە ژێر ناونیشانی، "هێشتا دەنگەکان یەکلایی نەبوونەتەوە" ئەنجامدا و هەمان ئەو تۆمەتانەیان دەووتەوە کە ترەمپ ئاراستەی رکابەرە دیموکراتەکەی دەکرد لە ئەنجامدانی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا.

هەزاران کەس لە بەردەم باڵەخانەی کاپیتاڵ لە شاری ئەتڵانتا لەویلایەتی جۆرجیا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا کە بە قەڵای کۆمارییەکان ناسراوە و لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیەکەی ئەمریکا دیموکراتەکان سەرکەوتنیان بەدەستهێنا.

هاوکات لە بەردەم باڵەخانەی کاپۆتۆڵ لە شاری هاریسبۆرگ لە ویلایەتی پەنسلڤانیا سەدان کەس خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و لە نێویشیاندا کەسانی چەکدار هەبوون.

لە ویلایەتی ئەریزۆنا لە شاری فینیکس و لە بەردەم باڵەخانەی کاپیتۆڵ لایەنگرانی ترەمپ خۆپیشاندانەکەیان فراوانکرد تا هەزاران کەس بەشداری تێدابکەن.

هاوشێوەی ویلایەتەکانی تر لە هەریەک لە تەکساس و داکۆتای باکور لایەنگرانی ترەمپ رژانە سەرشەقامەکان و هەندێک لە ئەندامانی کۆنگرێسی کۆمارییەکان بەشداریان تێداکرد.

هاوکات لە ویلایەتی نیۆرک، ئەو ویلایەتەی بەردەوام دیموکراتەکان تیایدا سەرکەوتوبوون، لایەنگرانی بایدن لە ناوەڕاستی شارەکە بۆ دەربڕینی پشتیوانی خۆیان بۆ بایدن رژانە سەرشەقامەکان و جوڵەی هاوتوچۆی شارەکە بەتەواوەتی راگیرا، بێ ئەوەی پۆلیس هیچ رێوشووێنێکی پێویست بگرێتەبەر.

لە واشنتۆنی پایتەخت ئەندام و لایەنگرانی گروپی "ژیانی رەشپێستەکان گرنگە"، گروپێکی دژە رەگەزپەرستی و جیاکاری نەژادین، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و چەند کاتژمێرێک شەقامەکانیان گرت و داوای چەسپاندنی دادپەروەریان دەکرد و چەندین دروشمیان لە دژی پۆلیس دەوتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە میدیاکانی ئەمریکا سەرکەوتنی جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکانیان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە بڵاوکردەوە و هاوکات دۆناڵد ترەمپی کاندیدی کۆمارییەکان ئەنجامەکانی رەتکردەوە و رایگەیاند، کە سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و دیموکراتەکانی دەنگەکانیان دزیوە.