سەردێڕ:

زاواکەی داوا لە ترەمپ دەکات دان بە سەرکەوتنی بایدندا بنێت

فۆتۆ: 
2020-11-08

13608 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەکی کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی نزیک لە دیموکراتەکان، جارید کۆشنەری هاوسەری ئیڤانکای کچی دۆناڵد ترەمپ داوای لە خەزووری کردووە دان بە سەرکەوتنی جۆ بایدندا بنێت وەکو سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا.

کەناڵی سی ئێن ئێنی ئاماژەی بەوەکردووە، دوو سەرچاوەی نزیک لە جارید کۆشنەری زاوا و راوێژکاری دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئێستای ئەمریکا و کاندیدی کۆماریەکان پێیان راگەیاندووە، کە زاوا داوای لە خەزوور کردووە ئەنجامەکان قبوڵبکات و دانی پێدابنێت.

شەوی رابردوو (بە کاتی کوردستان) پاش ئەوەی میدیاکانی ئەمریکا سەرکەوتنی جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکانیان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکادا بڵاوکردەوە، لە کاردانەوەیدا، دۆناڵد ترەمپ لە دوو تویتی جیاوازدا ئەنجامەکانی رەتکردەوە.

دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، ٧١ ملیۆن دەنگی یاسایی بەدەستهێناوە و ئەوەش "بەسە بۆ بردنەوەی کورسی سەرۆکایەتی ئەمریکا".

لە بەرامبەردا، جۆ بایدن وەکو سەرۆکی هەڵبژێردراو لە یەکەم وتاریدا بەڵێنی بە ئەمریکیەکان دا کە بەبێ جیاوازی سیاسی، سەرۆکی هەموویان بێت. راشیگەیاند، ئیتر دەست لە لێدوانی توند هەڵدەگرن و بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێن.

شەوی رابردوو، زۆرینەی میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، کە جۆ بایدنی کاندیدی دیموکراتەکان ٢٧٠ دەنگی دەستەی هەڵبژاردنی سەرۆکی تێپەڕاندووە و بەوەش بووەتە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەو وڵاتە.