سەردێڕ:

سەرکردەکانی کوردستان پیرۆزبایی لە جۆ بایدن دەکەن

فۆتۆ: 
2020-11-07

3080 جار خوێندراوەتەوە

پاش راگەیاندنی سەرکەوتنی جۆ بایدن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکادا، هەریەک لە سەرکردە کوردەکان بە جیا پەیامی پیرۆزبایی خۆیان ئاڕاستەی بایدن کرد.

بەرھەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، "گه‌رمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراسته‌ی جۆ بایدنی سه‌رۆکی هه‌ڵبژێردراو ده‌كه‌م، كه‌ دۆست و هاوبه‌شێكی باوه‌ڕپێكراوه‌ له‌ بنیاتنانی عێراقێكی باشتر"، دەشڵێت، "به‌گرنگیه‌وه‌ دەروانینە کارکردن بۆ به‌دیهێنانی ئامانجە ھاوبەشەکانمان و پته‌وکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە تەواوی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا."

لەوبارەیەوە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاندووە، "پیرۆزبایی لە بەرێزان جۆ بایدن و کەمالا هاریس دەکەم، بە ئومێدی درێژەدان بە هەماهەنگیی بەهێزی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان. هاوبەشیی و پەیوەندیی نێوان هەردوولامان زۆر گرنگە لە پێناو سەقامگیریی و گەشەپێدانی ناوچەکە."

هاوکات، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاندووە، "بەهۆی بوونی ‏بە سەرۆکى ئەمریکا، ‏پیرۆزبایی لە پیاوێکی باش و سیاسییەکی بە ئەزمون و هاوڕێ دێرینمان دەکەم (جۆ بایدن)، هیوامان وایە لەگەڵ ئیدارەکەت کار بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکەمان لەگەڵ حکومەت و سوپا و خەڵکی ئەمریکادا بکەین"، قوباد تاڵەبانی دەشڵێت،  "پیرۆزباییەکی گەرم بۆ کامالا هاریس، یەکەمین ژنە جێگری سەرۆکى ئەمریکا، لە پێشتردا جێگرانی سەرۆکی ئەمریکا زۆر لە نزیکەوە بەشداربوون لە سیاسەتی ئەمریکا و عێراق، هەر وەک گۆری، چینی، بایدن، پێنس، هەموویان لە نزیکەوە چاودێری عێراقیان دەکرد، هیوادارم هاریسیش وا بکات." 

محەمەد حاجی مەحمودیش، سکرتێری حزبی سۆسیالیستی کوردستان رایگەیاند، "پیرۆزبایی لە بەڕێز جۆ بایدن دەکەم بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا"، دەشڵێت، "بە ئومێدی درێژەدان بە هەماهەنگیی بەهێزی نێوان کورد و ئەمریکا."

مەسعود بارزانیش، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاندووە، "پیرۆزبایی لە جۆ بایدنی هاوڕێم دەکەم، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا بۆ سەرۆکایەتی، هیوادارم لە سەردەمی جۆ بایدن، جیهانی ئازاد شایەتی ئاشتی و سەقامگیریی بدات."

هاوکات، لاهور شێخ جەنگی  هاوسەرۆكی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش دەڵێت، "هیوادارم، بتوانین بەردەوامبین لە هەوڵەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵۆزییەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست"، باسی لەوەشکردووە، هەوڵی لێبڕاوانە بۆ ئاشتی و سەقامگیری دەدەن بە شێوەیەكی گشتی و بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

پاش ئەوەی میدیاکانی ئەمریکا سەرکەوتنی جۆ بایدنیان لە هەڵبژاردنەکاندا راگەیاند، کامالا هاریسیشیان وەک جێگری سەرۆکی نوێی ئەمریکا ناساند.