سەردێڕ:

ترەمپ: دەیان هەزار دەنگ دیارنەماوە

فۆتۆ: 
2020-11-07

5698 جار خوێندراوەتەوە

دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، دەیان هەزار دەنگ بەشێوەیەکی نایاسایی لەدوای هەڵبژاردنەکەوە وەرگیراون و رێگریش لە ئەژمارکردنی هەزاران دەنگی یاسایی کراوە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئێستای ئەمریکا و کاندیدی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتی چوار ساڵی داهاتووی ئەو وڵاتە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ئاشکرایکرد، لەدوای کاتژمێر هەشتی رۆژی پێنجشەممە و کۆتا رۆژی هەلبژاردنەکەی ئەمریکا، دەیان هەزار دەنگی نایاسایی وەرگیراون و ئەمەش بە ئاسانی کاریکردووەتە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکە لە ویلایەتی پەنسڵڤانیا و ویلایەتە یەکلاکەرەوەکانی دیکە.

ترەمپ ئاماژەی بەوەشکردووە، لەشەوی هەڵبژاردنەکەدا هەموو کەس پێیوابووە، کە ئەو لە پەنسڵڤانیا سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت، بەڵام لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا ساختەکارییەکەی زۆر کراوە و شەفافییەت لە ژماردنی دەنگەکاندا نەبووە.

پاڵێوراوی کۆمارییەکان ئەوەشی خستوەتەڕوو، گشت دەرگا و پەنجەرەکانی بنکەکانی دەنگدان داخرابوون و هیچ چاودێرێکیش نەیتوانیوە چاودێری ئەژمارکردنی دەنگەکان بکات.

دۆناڵد ترەمپ لە فەیسبوک نووسیویشییەتی، کۆمەڵە شتانێکی خراپ لەژوورەوە روویدەدا، گۆڕانکاری گەورە بەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا هات.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لەماوەی ڕابدروودا دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، "ئەگەر دەنگە یاساییەکان هەژمار بکرێن، من بە ئاسانی براوەم، بەڵام ئەگەر دەنگە نایاساییەکان هەژمار بکرێن، ئەوان دەتوانن هەڵبژاردنەکە بدزن."

هاوکات، تاوەکو ئێستا و بەگوێرەی دەنگە جیاکراوەکان، جۆ بایدن زیاتر لە ٧٤ ملیۆن دەنگی لە دەنگدانی گشتیدا بەدەستهێناوە، لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ زیاتر لە ٧٠ ملیۆن دەنگی بەدەستهێناوە.

تا ئێستا ترەمپ ٢١٤ دەنگ و بایدن ٢٦٤ دەنگی نوێنەرانی هەڵبژاردنی سەرۆکیان کۆکردووەتەوە، بەوەش پاڵێوراوە دیموکراتەکە تەنیا پێویستی بە شەش دەنگی دیکە هەیە تا ببێتە ٤٦ەمین سەرۆکی ئەمریکا.