سەردێڕ:

بومەلەرزەیەکی دیکە تورکیای هەژاند

فۆتۆ: 
2020-10-30

25377 جار خوێندراوەتەوە

میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، بومەلەرزەیەکی دیکە بە پلەی 5.1ی رێختەر ناوچەی کوسادسی نزیک لە دەریای ئیجەی هەژاندووە و تاوەکو ئێستا ئاماری زیانەکانیشی نەزانراوە.

میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، دوای ئەوەی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.6 پلەی رێختەر لە پارێزگای ئیزمیر روویدا و تێیدا، ١٢ کەس گیانیان لەدەستدا و ٤٠٠ کەسیش برینداربوون و دەیان باڵەخانە رووخان، کەمێک لەمەوبەریش بومەلەرزەیەکی دیکە ناوچەی کوسادسی نزیک لە دەریای ئیجەی هەژاندووە.

لەوبارەیەوە، ئیدارەی بەڕێوەبردنی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا رایگەیاندووە، کە بومەلەرزەی دووەم گوڕەکەی کەمتر بووە لە یەکەمیان و پێشبینی ناکرێت هیچ زیانێکی ئەوتۆی خستبێتەوە.

دەشڵێت، بومەلەرزەی دووەم بە قوڵایی 12.4 کیلۆمەتر بووە و کەناراوەکانی دەریای ئیجەی گرتووەتەوە لە رۆژئاوای تورکیا.

بومەلەرزە رووداوێکی سروشتییە و بەهۆی جوڵانی پلێتەکانی ژێرزەوییەوە دروستدەبێت. لەسەر ئاستی جیهان چەند چرکەیەک جارێک بومەلەرزە روودەدات، بەڵام ژمارەیەکی زۆر کەمیان ئەوەندە بەهێزن کە هەستیان پێبکرێت.