سەردێڕ:

ئینستاگرام پۆستێکی خامنەیی سڕییەوە

فۆتۆ: 
2020-10-30

6524 جار خوێندراوەتەوە

تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام پۆستێکی رابەری باڵای ئێرانی بە زمانی فەڕەنسی سڕیەوە پاش ئەوەی داوای لە گەنجانی ئەو وڵاتە کردبوو لەبارەی ئازادی رادەربڕینەوە لێپرسینەوە لە سەرۆکی وڵاتەکەیان بکەن.

ئەمڕۆ هەینی، تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام پۆستێکی عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێرانی سڕیەوە کە بە زمانی فەڕەنسی ئاڕاستەی گەنجانی ئەو وڵاتەی کردبوو و تیایدا، پاڵپشتیکردنی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسای بۆ ئەو کاریکاتێرانەی لەسەر پەیامبەری ئیسلام دروستدەکرێن بە "رەفتارێکی گەمژانە" وەسف کردبوو.

لە پۆستەکەی خامنەییدا نوسرابوو، "ئەی گەنجانی فەڕەنسا! پرسیارێک لە سەرۆک کۆمارەکەتان بکەن، بۆچی پشتیوانی سوکایەتی بە پەیامبەری خوا دەکات و بە ئازادی رادەربڕینی دادەنێت؟"

ئەوەش هاتبوو، "ئایا ئازادی رادەربڕین بریتیە لە جنێودان و سوکایەتیکردن بە کەسایەتییە گەورە و پیرۆزەکان؟"

لەچەند رۆژی رابردوودا تویتەریش تویتێکی مەهاتیر محەمەدی سەرۆکی پێشووی مالیزیای سڕیەوە پاش هێرشەکەی شاری نیس و تیایدا هاتبوو کە موسڵمانان مافی خۆیانە "ملیۆنان فەڕەنسی بکوژن". ئەمەش بووە هۆی  توڕەبوونێکی گەورە و تویتەر ناچاربوو بیسڕێتەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، دوێنێ لە شاری نیسی فەڕەنسا، کەسێکی بە رەگەز تونسی هێرشیکردە سەر کڵێسایەك و ژنێکی سەربڕی و دوو کەسی تریشی کوشت، ئەم رووداوە لە جیهاندا کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.