سەردێڕ:

وەزارەتی دارایی عێراق: جگە لە قەرزی کورتخایەن چارەی دیکەمان بۆ موچە نییە

کاتی دابەشکردنی موچەی ئەم مانگە دیارینەکراوە
فۆتۆ: 
2020-10-30

118472 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دارایی عێراق روونکردنەوەیەکی لەبارەی دواکەوتنی موچەی ئەم مانگەوە بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هیچ کاتێکی بۆ دەستپێکی دابەشکردنی موچە دیارینەکردووە. لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، "وەزارەتی دارایی جگە لە پەنابردن بۆ قەرزی کورتخایەن لە بانکەکان هیچ چارەیەکی تری بۆ موچەی فەرمانبەران نییە."

ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "کە حکومەت جگە لە پەنابردن بۆ قەرزی کورتخایەن لە بانکەکان هیچ چارەیەکی تری بۆ موچەی فەرمانبەران نییە و ئەوەش دواتر دەبێت لە بانکی ناوەندییەوە داشکاندنی بۆ بکرێت".

دەشڵێت، "زۆر بە سادەیی، هەموو بژاردەکانی تری وەک زیادکردنی داهات لە گومرگ و باج و پارەی کارەبا، ناتوانن ئەم کێشەی موچە چارەسەربکەن".

وەزارەتی دارایی عێراق جەختیکردووەتەوە، بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و پابەندبوونی عێراق بەکەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، لە ئێستادا داهاتەکانی حکومەت ناتوانێت بەشێوەیەکی پێویست رووبەڕووی خەرجییەکانی ببێتەوە".

باسی لەوەشکردووە، مانگانە داهاتی نەوت بە رێژەی ٥٠٪ کەمترە لە خەرجییەکانی حکومەت و پێشبینیش دەکات ئەم دۆخە تا داهاتوویەکی نزیک بەردەوامبێت.

 هەر لە راگەیەنراوەکەدا و بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئابوری عێراق، وەزارەتی دارایی بەرنامەیەکی سێ خاڵی راگەیاندووە و تێیدا هاتووە، "داوامان لە پەرلەمان کردووە سەرپشکمان بکات لە قەرزکردنی ٤١ ترلیۆن دیناری عێراقی بۆ ئەو ماوەیەی لە ئەمساڵدا ماوەتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی کورتهێنان و دابینکردنی موچە و خانەنشینی و شایستە داراییەکانی ساڵانی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠  و خەرجی پڕۆژەکانی تر و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان".

حکومەتی عێراق داوا لە پەرلەمان دەکات رێگای بدات قەرزی گەورەی دەرەکی بکات و پەرلەمانیش دەڵێت، تاوەکو رێگای دیکەی ناوخۆیی هەبن بۆ چارەسەر، ئەوا رێگە بە حکومەت نادات قەرزی دەرەکی بکات.

پێشتر، ئەحمەد مولا تەلاڵ، وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، کە ئەگەر یاسای قەرزکردنیش لە پەرلەمانی عێراق پەسەند نەکرێت، ئەوا رێگای دیکە هەن بۆ دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت.