سەردێڕ:

لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی دوێنێی فەڕەنسای گرتەئەستۆ

فۆتۆ: 
2020-10-30

13414 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوێکی ناوخۆیی تونس بەرپرسیارێتی هێرشەکەی دوێنێی فەڕەنسای گرتەئەستۆ کە تێیدا، سێ کەس کوژران و یەکێکیان بە چەقۆ ملی لە لاشەی کرایەوە. هاوکات، دەسەڵاتدارانی تونسیش رایانگەیاند، لێکۆڵینەوەی لەبارەوە دەکەن.

دوای ئەوەی ئەمڕۆ هەینی رێکخراوێکی نەناسراوی ناوخۆیی تونسی بەناوی ''مەهدی باشوری تونس'' بەرپرسیارێتی هێرشەکەی دوێنێی سەر کڵێسایەکی شاری نیسی فەڕەنسای گرتەئەستۆ، دەسەڵاتی دادوەری ئەو وڵاتە دەستیکرد بە لێکۆڵینەوە لەو کەسانەی لایەنگیری یاخود "ئینتیما"یان بۆ ئەو گروپە هەیە.

وتەبێژی حکومەتی تونس لە لێدوانێکیدا ئەوەی خستەڕوو، کە سەرجەم یەکەکانی دژەتیرۆر راسپێردراون بۆ دۆزینەوە و لێکۆڵینەوە لە رێکخراوە نادیار و نەناسراوەکە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، دوێنێ لە شاری نیسی فەڕەنسا، کەسێکی بە رەگەز تونسی هێرشیکردە سەر کڵێسایەك و ژنێکی سەربڕی و دوو کەسی تریشی کوشت، ئەم رووداوە لە جیهاندا کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.