سەردێڕ:

فەرمانی ئامادەبوون لە دادگا بۆ شازادەی جێنشینی سعودیە دەرکرا

فۆتۆ: 
2020-10-30

9722 جار خوێندراوەتەوە

میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، بەهۆی سکاڵای راوێژکاری پێشووی ئاسایشی سعودیە، دادگای واشنتۆن فەرمانی ئامادەبوون لە بەردەم دادگای بۆ شازادەی جێنشینی سعودیە ناردووە.

میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، محەمەد بن سەلمانی شازادەی سعودیە بانگهێشتنامەی ئامادەبوونی لە دادگای واشنتۆنەوە پێگەیشتووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، کە دوێنێ پێنجشەممە، بانگهێشتنامەکەی پێگەیشتووە کە لە رێی واتسئەپەوە بە هەردوو زمانی عەرەبی و ئینگلیزی بۆی نێردراوە.

باس لەوەشکراوە، بەڵگەکانی دادگاکە وێنەی نامەکانی ئاشکراکردووە کە بۆ شازادەی جێنشینی سعودیە نێردراوە و دەرکەوتووە نامەکەی لە پاش ٢٠ خولەک لە گەیشتنیان بینیوە.

سکاڵاکە لەلایەن سەعد جەبر راوێژکاری پێشووی ئاسایشی سعودیەوە لەسەر بن سەلمان تۆمارکراوە و تیایدا هاتووە کە ناوبراو "تیمی پڵنگ"ی لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨،  بە چەند رۆژیک لە دوای کوشتنی جەمال خاشقچی لە تورکیا، بە مەبەستی کوشتنی سەعد جەبر بۆ کەنەدا ناردووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، پێشتر سەعد جەبر دەسەڵاتدارانی کەنەدای لەم مەترسیانە ئاگادار کردبووەوە و دەسەڵاتدارانی کەنەداش ئەم هەواڵەیان پشتڕاستکردبووەوە.