سەردێڕ:

ئەڵمانیا ئەرکی هێزەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان درێژکردەوە

لە چوارچێوەی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ بە داعشدا
فۆتۆ: 
2020-10-30

2584 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پەرلەمانی ئەڵمانیا ئەرکی هێزەکانی وڵاتەکەی لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش درێژکردووەتەوە و بۆ ئەوەش، لای خۆیەوە سوپاسی کردن.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تویتەری خۆی رایگەیاند، سوپاسی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا ده‌کات بۆ درێژکردنه‌وه‌ی ئه‌رکی هێزه‌کانیان له‌ عێراق و هه‌رێمی کوردستان.

راشیگەیاند، "سوپاس بۆ گه‌ل و حکومه‌تی ئه‌ڵمانی که‌ پشتیوان و هاوکارمانن".

ئاماژەی بەوەشکردووە، عێراق و هه‌رێمی کوردستان هێشتا پێویستییان به‌ پشتگیریی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعش هه‌یه‌.

دوای هاتنی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٤دا و کۆنترۆڵکردنی بەشێکی بەرچاوی خاکی ئەو دوو وڵاتە، هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمریکا دژ بە رێکخراوەکە دروستکرا و ئەرکیان پاککردنەوەی ناوچەکان بوو.

ئەگەرچی لە ساڵی ٢٠١٨دا بە فەڕمی لەناوبردنی خەلافەتی داعش راگەیەنرا، بەڵام هێشتا بەشێوەی شانەی چەکداری لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق و سوریادا جموجوڵیان هەیە.