سەردێڕ:

له‌ چەمچەماڵ هەشت ساڵە بەردی بناغەی نەخۆشخانەیەک دانراوە و دروستنەکراوە

فۆتۆ: 
2020-10-29

1590 جار خوێندراوەتەوە

کات وادەی بانگەشەی هەڵبژاردنە، ساڵ ٢٠١٣یە و شوێن چەمچەماڵە، وەزیری تەندروستی ئەوکاتی حکومەتی هەرێم و ژمارەیەک بەرپرس بەردی بناغەی نەخۆشخانەیەکی ٥٠ قەرەوێڵەییان دانا کە بڕیار بوو لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵدا تەواوبکرێت، کەچی دوای هەڵبژاردنی ئەوساڵە بەرد نەخرایە سەر بەرد و ئێستا نەک پرۆژەکە نەکراوە، بەڵکو بەردی بناغەکەشی نەماوە.

بڕیاری پرۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانە بۆ سنوری چەمچەماڵ دوای ئەوەهات چەندین جار رێکخراوەکان و چالاکانی مەدەنی سنورەکە یاداشتی نارەزایەتی و هەڵمەتی واژوکۆکردنەوەیان ئەنجامدەدا لە دژی خراپی کەرتی تەندروستی و نەبونی بینا لەو سنورەدا، ئەگەرچی حکومەتی هەرێم چەند جارێک بەردی بناغەی ژمارەیەک پرۆژەى دیکەى داناوە بەڵام هیچیانی جێبەجێنەکردوەو هەربۆیە ئەوکات بەشێک لە هاوڵاتیان  بە بانگەشەى هەلبژاردن وەسفیان دەکرد.

ئیستا لە سنوری بەرێوبەرایەتی تەندروستی قەزای چەمچەمال تەنها دوو نەخۆشخانەی گشتی هەیە لەگەڵ ژمارەیەک بنکەو مەڵبەندی تەندرستی کە زۆربەیان مێژوی دروستبونیان هی پێش حکومەتی هەرێمی کوردستانەو رژێمی بەعس دروستی کردوون، ئەوە جگە لەوەی لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە ژمارەیەک خێرخواز بینای نوێیان بۆ تەندرستی قەزاکە دروستکردوە.

هەشت ساڵ پێش ئێستا نەخۆشخانە ٥٠ قەرەوێڵەیەكەی چەمچەماڵ درا بە کۆمپانیایەک و  بڕی نزیکەی هەشت ملیار دیناری بۆ تەرخانکرا، بڕیار بوو لە ٥٥٠ رۆژدا سەرجەم کارەکانی تەواو بکرێت، بەڵام بۆ یەک رۆژ کاری تێدا کرا و بەردی بناغەکەی دانرا.