سەردێڕ:

مەسرور بارزانی: لە سزای باجنەدانی خاوەنکارەکان خۆشدەبین

فۆتۆ: 
2020-10-29

137634 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئاماژەکردن بە دۆخی دارایی هەرێم بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا رایگەیاند، ئەگەر تاوەکو ٣١ی ١٢ی ئەمساڵ هەموو باجەکانی سەریان پاکبکەنەوە، لە سزای باجنەدانی خاوەنکار و بەڵێندەرەکان خۆشدەبن.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەژماری خۆی لە تویتەر رایگەیاندووە، لەوە تێدەگەن کە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا بارگرانی زۆری خستووەتە سەر خێزانەکان.

سەرۆکی حکومەتی هەرێم راشیگەیاندووە، به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و دۆخە، پشتگیریی خاوەنکاران، بەڵێندەر و ئەو کەسانە دەکەن کە کاری ئازاد دەکەن.

لە چەند رۆژی رابردووشدا، وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، هەموو ئەو کۆمپانیا و لایەن و شوێنانەی باجیان لەسەرە، بە مەرجێک تاوەکو ٣١ی ١٢ی ئەمساڵ هەموو باجەکانی سەریان پاکبکەنەوە، ئەوا له‌ سزا و سوده‌كانیان خۆش ده‌بێت.

راشیگەیاند، تایبه‌ت به‌و كۆمپانیا و شوێنه‌ بازرگانیانه‌ی كه‌ قه‌رزی ئاسانكارییان لایه‌، ده‌كرێت وه‌به‌رخستن (مقاصه‌)یان بۆ بكرێت به‌رامبه‌ر ئه‌و قه‌رزانه‌ی لای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌، به‌ مه‌رجێك چه‌كه‌كانیان به‌رامبه‌ر ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانەوە پێدرابێت.

پێشتریش وەزارەتی دارایی رایگەیاندبوو، بەهۆی نەدانی باج و خۆدزینەوە لە باجدان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی باجەکان و خانووبەرەی میریی سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان، زیاتر لە ٢٠ کۆمپانیا دەداتە دادگا.