سەردێڕ:

ناسنامەی هێرشکەرەکەی ئەمڕۆی فەڕەنسا ئاشکراکرا

فۆتۆ: 
2020-10-29

15741 جار خوێندراوەتەوە

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هێرشێک کرایە سەر کڵێسایەکی شاری نیسی فەڕەنسا و تێیدا سێ کەس کوژران کە یەکێکیان بە چەقۆ ملی لە لاشەی کرایەوە، بەپێی میدیاکانی ئەو وڵاتەش بێت، ئەنجامدەرەکەی کۆچبەرێکی تونسی تەمەن ٢١ ساڵە.

میدیاکانی فەڕەنسا بڵاویانکردەوە، هێرشبەرەکە ناوی (ئیبراهیم عوساوی)ە و چەند هەفتەیەکە لە ئیتاڵیاوە گەیشتووەتە وڵاتەکەیان و لە ئێستادا دەستگیرکراوە.

ئەمڕۆ دوای کوژرانی سێ کەس لە کڵێسایەکی شاری نیسی فەڕەنسا، پۆلیس گەیشتە سەر رووداوەکە و تەقەی لە هێرشبەرەکە کرد و بەوهۆیەشەوە فیشەک بەر شانی کەوتووە و بە بریندارى لە ئێستادا لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێریدایە.

هەر ئەمرۆ، ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەڕەنسا سەردانی شاری نیسی کرد و رایگەیاند، ئەنجامدەری هێرشەکە بریتیە لە "تیرۆریستێکی ئیسلامی".

راشیگەیاند، لەمەودوا رێژەی پاسەوانانی قوتابخانە و کڵێساکان بەرزدەکەنەوە و رەنگە تاوەکو حەوت هەزار سەرباز رەوانەی ناو شارەکان بکەن.

ئەو هێرشەی ئەمڕۆ لەکاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا، کەسێکی بە رەگەز چیچانی مامۆستای قوتابخانەیەکی پاریسی پایتەختی فەڕەنسای سەربڕی و هۆکارەکەشی بۆ نیشاندانی کاریکاتێری پەیامبەری ئیسلام بە قوتابیەکانی گەڕاندەوە و دواتر لەلایەن پۆلیسەوە کوژرا.

لە پاش ئەو رووداوەش، ئیمانوێل ماکرۆن رایگەیاند، "ئیسلام پێویستی بە چاکسازییە" و دەبێت گۆڕانکاری لە تێگەیشتنەکاندا بکرێت. ئەوەش کاردانەوەی بەشێک لە مسوڵمانانی جیهانی لێکەوتەوە و رەخنەیان لە قسەکانی سەرۆکی فەڕەنسا گرت.