سەردێڕ:

پارێزگاری سلێمانی: ئەگەر هاوڵاتیان ماسک ببەستن ناچارنین قەدەغەی هاتوچۆ رابگەیەنین

فۆتۆ: 
2020-10-29

60165 جار خوێندراوەتەوە

پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، ئەگەر هاوڵاتیان ماسک ببەستن و رێکارە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن، ئەوا ناچار نابن دەست بە کەرەنتینە و قەدەغەی تەواوی هاتوچۆ و داخستنی هەموو شوێنەکان بکەنەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لە فەیسبووکی خۆی رایگەیاند، "بەستنی ماسکێک لە شوێنە داخراوەکان و پاراستنی دووری نێوانمان لە شوێنە کراوەکاندا، جگە لەوەی دەبێتە پاراستنی خۆمان و دەوروبەر، یارمەتیدەریش دەبێت بۆ ئەوەی جارێکی تر زۆریی توشبووانی پەتاکە ناچارمان نەکەن دەست بە کەرەنتینە و قەدەغەی تەواوی هاتوچۆ و داخستنی هەموو شوێنەکان بکەینەوە".

راشیگەیاند، رێکارەکان بۆ هاندانی خۆپارێزین، نەک بۆ سزادان. دەشڵێت، ژیانی خەڵکی لە سزادانی هەر سەرپێچیکەرێک بەنرخترە.

ئێوارەی ئەمڕۆ، هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند، لە سبەینێ هەینیەوە، سزای نەبەستنی ماسک لە سلێمانی لەسەر شۆفێران جێبەجێدەکرێت و بڕەکەشی ٥٠ هەزار دینارە.

بەپێی دوا بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، ئەگەر شۆفێر سەرنشینی لەگەڵدا نەبێت و ماسکی نەبەستبێت، ئەوا سزانادرێت، بەڵام بەپێچەوانەوە بە بڕی ٥٠ هەزار دینار سزادەدرێت.