سەردێڕ:

ویلایەتە یەکلانەبووەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا

فۆتۆ: 
2020-10-28

1424 جار خوێندراوەتەوە

پێشبینیدەکرێت هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمجارەی ئەمریکا یەکێک بێت لەو هەڵبژاردنانەی، کە تا دواین سات ئەنجامەکەی بە نادیاری بمێنێتەوە، بەوپێیەی لە راپرسییەکاندا هەردوو کاندید دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی ئەمریکا و کاندیدی کۆمارییەکان و جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان زۆر لە یەکەوە نزیکن.

لە یەکەم دیبەیتی نێوان هەردوو کەسایەتییەکەدا ئەمریکییەکان چاوەڕوانی ئەوەبوون، یەکێکیان بتوانێت توانا و هێزی خۆی بەسەر ئەوی تردا نیشان بدات، بەڵام وا دەرنەچوو.

هەرچی دووەم دیبەیتیشە بەهۆی توشبوونی دۆناڵد ترەمپ بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە هەڵوەشایەوە، هەر بۆیە گەلی ئەمریکا بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی دروستبوونی جیاوازییەک بوون لە سێیەم دیبەیتدا، بەڵام بە هەمان شێوە هیچ کام لە کاندیدەکان توانای خۆی بەسەر ئەوی تردا دەرنەخست، وەک دەوترێت هەردوولا یەکسان بوون، ئەوەش وا دەکات قسەی کۆتایی بۆ ویلایەتە یەکلانەبووەکان بێت، کە نە بە لایەنگری رەنگی شین و دروشمی گوێدرێژەکە و نە بە لایەنگری رەنگی سور و دروشمی فیلەکە ناسراون، بەو پێیەی هەر ساڵە و دەنگ بە کاندیدی پارتێک دەدەن.

لێرەشدا گرنگی ئەو ویلایەتانە بە روونی دەردەکەون، کە هەریەک لە کاندیدی کۆماری و دیموکراتەکان پشتیان پێدەبەستن و چالاکی و بانگەشە و هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن تیایاندا چڕدەبن، بەو هیوای ببنە پردێک بۆ سەرکەوتن.

ئەو ویلایەتانەش بەیەکلانەکراوە ناویان دەبرێت بریتین لە، ئەریزۆنا و فلۆریدا و میشیگان و پنسلڤانیا و نیوهامشیر و نۆرس کارۆلینا و ویسکۆنسن و ئەیاوانن، کە هەڵوێستیان لە هەڵبژاردنێکەوە بۆ هەڵبژاردنێکی تر جیاواز دەبێت و زۆر جار دەبنە سوپرایزێک بۆ دیاریکردنی براوەی هەڵبژاردنەکان.

یەکێک لە گرنگترین ویلایەتە یەکلانەبووەکان بریتییە لە، فلۆریدا کە ئەوەی دەنگی ئەو ویلایەتە بەدەستبهێننێت، ئەوا لە کۆی ٢٧٠ دەنگی پێویست بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکی ئەمریکا ٢٩ دەنگ مسۆگەر دەکات.