سەردێڕ:

ئەمریکا سیستمی بەرگری بە تایوان دەفرۆشێت

فۆتۆ: 
2020-10-28

4186 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، وڵاتەکەیان رازیبووە بەبڕی ٢.٤ ملیار دۆلار، ١٠٠ موشەکی سیستمی بەرگری جۆری هارپوون بە تایوان بفرۆشێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، گرێبەستەکە ١٠٠ پاتری موشەکی بەرگری لە جۆری هارپوون لەخۆدەگرێت کە توانای هەڵگرتنی نزیکەی ٤٠٠ موشەکی جۆری ئاڕ جی ئێم ٨٤ ئێڵ چواریان هەیە و مەوداکەی دەگاتە ١٢٥ کیلۆمەتر.

هاوکات، ئەم موشەکانە بەشی پیشەسازی بەرگری کۆمپانیای بۆینگ بەرهەمیدەهێنێت و دەتوانرێت لەسەر شوێنی جێگیر یاخود جوڵاویشدا دابنرێن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئەوەشی خستووەتەڕوو، "گرێبەستەکە توانا بەرگرییەکانی ئەو وڵاتە بەهێز دەکات، کە وەریدەگرێت و یارمەتیدەر دەبێت لە خستنەوەی سەقامگیری سیاسی و هاوسەنگی سەربازی و پێشکەوتن لە ناوچەکەدا."

لەوبارەوە، نوسینگەی تسای ئینگ وین سەرۆکی تایوان سوپاسی ئەمەریکای کرد لەسەر گرێبەستەکە و رایگەیاندووە "دەکرێت توانا جەنگیەکانمان بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات."

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا، ئەمریکا بە گرێبەستێکی یەک ملیاری دۆلاری کۆمەڵێک چەکی بە تایوان فرۆشت ئەوەش نیگەرانی چینی لێکەوتەوە و ئەو وڵاتە باسی لەوەکردبوو، سزا بەسەر ئەو کۆمپانیا ئەمریکانیەدا دەسەپێنێت، کە بە گرێبەستی چەکی نێوان ئەمریکا و تایوانەوە پەیوەستن.