سەردێڕ:

کۆمەڵگەی هەڵبژاردن؛ وشەی نهێنی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا

فۆتۆ: 
2020-10-27

2150 جار خوێندراوەتەوە

وێڕای ئەوەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بە سیستمی دەنگدانی راستەوخۆ بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئەوە تەنیا یەک هەنگاوە بە ئاڕاستەی هەڵبژاردنی سەرۆک و بەس نییە بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەوەی کێ دەچێتە کۆشکی سپی، تەنانەت ئەگەر زۆرینەی دەنگی دەنگدەرەکانیش بەدەستبهێنێت.

بەو پێیەی ناوی ئەو کەسە بە (کۆمەڵگەی هەڵبژاردن)ەوەElectoral College ، پەیوەست دەبێت، کە لە ٥٣٨ نوێنەر پێکهاتووە و بە وشەی نهێنی هەڵبژاردنەکان ناودەبرێت، هەر بۆیە سیستمی هەڵبژاردن لە ئەمریکا بێ وێنەیە و میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆکیش تا رادەیەک ئاڵۆزە، ئەگەر چی ٣ی تشرینی دووەم رۆژی هەڵبژاردنەکانە، بەڵام لەگەڵ زۆرێک لە ئەمریکییەکان چەند هەفتەیەک پێش هاتنی ئەو رۆژە لە رێگەی پۆستەوە دەنگدەدەن.

پێشبینیکراوە ئەمساڵ بەهۆی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەنگدانێکی زۆر لە رێگەی پۆستەوە تۆماربکرێت و کەمتر خەڵک لە ٣ی تشرینی دووەمدا روو بکەنە سندوقەکانی دەنگدان، کە ئەوەش بۆ کاندیدی کۆمارییەکان دۆناڵد ترەمپ بێزارکەرە و پێی وایە بێ ساختەکردن تێپەڕ نابێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، هەڵبژاردنەکان جگە لە هەڵبژاردنی سەرۆک و جێگرەکەی، ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانیش هەڵدەبژێردرێن، کە ژمارەیان ٤٣٥ ئەندامە و بۆ ماوەی ٢ ساڵ لە پۆستەکانیاندا دەبن، دەنگدەران لەهەندێک ویلایەتدا سیناتۆرەکانی ئەنجومەنی پیران هەڵدەبژێرن، کە ژمارەیان ٣٣ سیناتۆرە و هەریەکەی بۆ ماوەی شەش ساڵ لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە.

سەبارەت بە هەردوو کاندیدەکەی سەرۆکایەتی ئەمریکاش دەبێت دەنگی نیوەی نوێنەرانەکان بەدەستبهێنێت، کە دەکاتە ٢٧٠ دەنگ ئەگەر کەسیشیان نەیتوانی ٢٧٠ دەنگ یان زیاتر بەدەستبهێنێت، ئەوا ناوی سێ کەس لە کاندیدە چانسدارەکانی (کۆمەڵگەی هەڵبژاردن) دیاری دەکرێن تا لەناو ئەنجومەنی نوێنەراندا بخرێتە دەنگدانەوە و هەر یەکێکیشیان دەنگی دووان لە سێ کاندیدەکەی مسۆگەرکرد ئەوا دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا.

هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ تایبەتمەندی خۆی هەیە چونکە لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت ڤایرۆسی کۆرۆنا جیهانی بەگشتی و ئەمریکای بە تایبەتی هەراسانکردووە، هەر بۆیە پێشبینیدەکرێت ئەنجامەکەی بەهەر شێوەیەک بێت کاریگەریی لەسەر ململانێ جیهانییەکان و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سیستەمی نێودەوڵەتیی هەبێت لەدوای کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسەکە.