سەردێڕ:

پارتی وەڵامی پەکەکەی دایەوە

فۆتۆ: 
2020-10-27

24829 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، "پەکەکە ساڵانێكی زۆرە بە سەرانە وەرگرتن و داگیركردنی ماڵ و موڵكی خەڵک، رێگەیان لە ئاوەدانكردنەوەی سەدان گوند و گەڕانەوەی خەڵكی سڤیل بۆ ناوچەكانیان گرتووە"، دەشڵێت، "پەکەکە لە هەر شوێنێک كوردێكی لێبێت خێرا خۆیان بە خاوەن ماڵ دەزانن و كوردیش بە میوان."

مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "جێگەی داخێكی زۆرە كە لە زۆر بارودۆخی هەستیاردا پەكەكە بە لێدوانی بەرپرسانی و كردەوەكانی بووەتە مایەی سەرئێشە بۆ خەڵكی كوردستان و دامودەزگای هەرێمی كوردستان، كە بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی دەیان ساڵەی گەلی كوردستانە."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لە دوایین لێدوانەكانیشیاندا نەفەسی هەڕەشە و خواستی نانەوەی گرژی و ناسەقامگیری و ئاوەژوكردنی راستییەكان بە ئاشكرادیارە، ئەم جۆرە رەفتارانەی پەكەكە شتێكی تازە نییە و لە راستیدا ئەوان بەكارە نابەجێ و گوماناوییەكانیان بوونەتە هەڕەشە لەسەر ژیانی خەڵكی كوردستان."

راشیگەیاندووە، "ساڵانێكی زۆرە بە سەرانە وەرگرتن و داگیركردنی ماڵ و موڵكی خەڵک، رێگەیان لە ئاوەدانكردنەوەی سەدان گوند و گەڕانەوەی خەڵكی سڤیل بۆ ناوچەكانیان گرتووە، گۆڕەپانی شەڕ و ململانێكانیان گواستووەتەوە ناو هەرێمی كوردستان و رۆژانە هاوڵاتیانی هەرێم باجی مرۆیی و ماددی ئەو ڕەفتاری پەكەكە دەدەن، كارمەندی حكومەتی هەرێمی كوردستان شەهید دەكەن و هێشتاش پێیانوایە ئەوان هەڕەشەنین و هەرێمی كوردستان دەپارێزێن."

وتەبێژی پارتی دەشڵێت، "پەكەكە بە ئاشكرا كەوتووەتە ململانێ لەگەڵ هەرێم و مەترسی بۆ سەر ژیان و بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان دروست دەكات، ئەوان لە هەر شوێنێک كوردێكی لێبێت خێرا خۆیان بە خاوەن ماڵ دەزانن و كوردیش بە میوان."

باسی لەوەشکردووە، "لە وەڵامی وتەكانیاندا دەڵێین ئێمە بڕوای تەواومان بە چارەسەركردنی ئاشتیانەی دۆزی رەوای گەلی كورد و تەبایی نێوان لایەنەكان هەیە، لێدوان و كردەوەكانتان زیانی زۆری بۆ هەرێمی كوردستان هەبووە و بۆ رێگەگرتن لە تێكچوونی زیاتری بارودۆخ داوا دەكەین چیتر كێشەی خۆتان و خەڵكی تر مەهێننە ناو هەرێمی كوردستان."

ئەوەش لە کاتێکیدایە، موراد قەرەیلان ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی پەکەکە رایگەیاندبوو، هاوکاری سیخوڕی نێوان پارتی و تورکیا، خزمەت بە گەلی کورد ناکات، ئەوەشی خستبووەڕوو، پارتی لە چەند ناوچەیەکی سەر بە بادینان ئامادەکاریی بۆ شەڕ دەکەن.