سەردێڕ:

کاتی ئامادەبوونی ڤاکسینێکی ئەمریکا راگەیەنرا

فۆتۆ: 
2020-10-27

10057 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیایەکی ئەمریکی رایگەیاند، لە مانگی کانوونی دووەمی داهاتوودا ڤاکسینەکەیان بەردەستدەبێت، هاوکات کۆمپانیایەکی روسیش تایبەت بە بەرهەمهێنانی دەرمان دەڵێت، دەیانەوێت پێش مانگی تشرینی دووەم ڤاکسینی سپۆتنیک ڤی بەرهەمبهێنن.

کۆمپانیای جۆنسۆن ئاند جۆنسۆنی ئەمریکی رایگەیاندووە، لە مانگی کانوونی دووەمی داهاتوودا ڤاکسینەکەیان بەردەستدەبێت، لەوبارەوە، رۆکساندرا دراجیا ئاکلی سەرۆکی توێژینەوەکان و بەرەو پێشبردنی تەندروستی گشتی ئەو کۆمپانیایە باسی لەوەکردووە، دەتوانرێت نەوەی یەکەمی ڤاکسینەکە بۆ کەیسە بەپەلەکان بەکاربهێندرێت، دەشڵێت، پێشبینیدەکرێت لە کۆتایی ئەم ساڵ و قۆناغی یەکەمدا، ٦٠ هەزار کەس ڤاکسینەکە وەربگرن.

هاوکات، ئێرینا کینیۆخۆفا وتەبێژی کۆمپانیای بیۆکاد بۆ بەرهەمهێنانی دەرمان لە روسیا رایگەیاندووە، لە ئێستادا کۆمپانیاکەیان لە پێناو گونجاندنی تەکنەلۆژیاکانی بەرهەمهێنان لەگەڵ پێوەرەکانی بەرهەمهێنانی ڤاکسینەکە کاردەکات، کە لەلایەن سەنتەری گامالیای سەر بە وەزارەتی تەندروستی روسیاوە پەرەیپێدراوە.

کۆمپانیایەکی دیکەی روسیش بەناوی 'بینۆ فارم' ئەوەی خستووەتەڕوو، دەستیانکردووە بە تەواوکردنی ئامادەکارییەکان بۆ بەرهەمهێنانی ڤاکسینی سپۆتنیک ڤی.