سەردێڕ:

ئەو شەش ویلایەتەی یەکلاکەرەوەن بۆ دەرچوونی سەرۆکی ئەمریکا

فۆتۆ: 
2020-10-26

4392 جار خوێندراوەتەوە

ویلایەتەکان گرنگن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، کە دەنگی زۆرینەی گشتیی بڕیار لەسەر براوە نادات. لە بری ئەوە هەر ویلایەتێک ژمارەیەک نوێنەری هەیە کە دەنگ بۆ یەکێک لە کاندیدەکان دەدەن و ئەوەش دەکەوێتە سەر ئەوەی کامیان دەنگی زۆرینە لەسەر ئاستی ویلایەتەکە بەدەستدەهێنێت. لە ئەمریکا بەهۆی زۆری رێژەی دانیشتوانیانەوە، ویلایەتەکانی ئەریزۆنا، فلۆریدا، میشیگەن، کارۆلاینای باکور، پێنسلڤانیا و ویسکانسن هەموو جارێک دەبنە یەکلاکەرەوە بۆ دەرچوونی سەرۆکێکی نوێ.

ئەم سیستمەی دەنگی نوێنەران کە "براوە هەمووی دەبات" وا دەکات کاندیدەکان هەڵمەتێکی توندتر لەو ویلایەتانەدا بکەن کە سەرکەوتن تیایاندا لە کۆشکی سپی نزیکتریان دەکاتەوە.

ئەو ویلایەتانەی کە دەنگەکانیان زۆر لە یەکتر نزیکن دەشێت ئەنجامەکان هەر جارەو لەبەرژەوەندی پارتێک بێت، وەکو ویلایەتی پێنسلڤانیا، کە کاندیدەکان سەرنجێکی زیاتری دەخەنەسەر بە بەراورد لەگەڵ ویلایەتەکانی تری وەکو کالیفۆرنیا کە زۆربەی جار زۆرینەی دەنگەکانی بۆ پارتێکی دیاریکراو بووە.

گۆڕەپانی روبەڕوبوونەوەی ٢٠٢٠

نزیکەی ١٢ ویلایەت بەشێوەیەکی گشتی بەوە دادەنرێن کە هەمیشە دەنگیان بۆ یەک پارتی دیاریکراو نەبووە و پێشبڕکێکە تیایدا سەختە. شەش لەوانە بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٠ بە خەڵاتی باڵا دادەنرێن، چونکە بەهۆی زۆری دانیشتوانیانەوە دەنگی نوێنەری زۆرتریان هەیە. ئەوانەش بریتین لە ئەریزۆنا، فلۆریدا، میشیگەن، کارۆلاینای باکور، پێنسلڤانیا و ویسکانسن.

سەرکەوتنی ترەمپ لە ساڵی ٢٠١٦ لەو شەش ویلایەتەدا بەهەمان شێوازی سەرکەوتنی بوو لە تەواوى وڵاتدا، پێشکەوتنی دیموکراتەکان لە ناوەندەکانی شاردا هاوتا بوو لەگەڵ زۆربوونی دەنگی کۆمارییەکان لە ناوچەکانی دەرەوەی شار و لادێکان و هەروەها لە ناو ئەو سپی پێستانەی زانکۆیان نەخوێندووە.

سەرەڕای ئەوەی کە ئاراستەکان نیشان دەدەن ڕەنگە بایدن بتوانێت هەندێک لەو دێموگرافیایانە لە ساڵی ٢٠٢٠ دا بگۆڕێت، بەڵام هەڵمەتەکانی بایدن هۆشداریان داوە بە پشتیوانانی کە پشتی پێنەبەستن.

ئەوەی لەو ویلایەتانەدا روودەدەن کە هەردوو کەمپەینەکان پێیان گرنگە بۆ سەرکەوتنی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠٢٠.

ویسکانسن

ویسکانسن، شوێنی زۆرێک لە کۆمەڵگەی ئەو سپی پێستانەی کە لە دەرەوەی شار دەژین و چینی کرێکارن و بەشێکی زۆرن لە زیادکردنی پشتیوانی ترەمپ، بە جیاوازییەکی ئەستەم لە ساڵی ٢٠١٦ ترەمپ تیایدا سەرکەوت.

ویسکانسن یەکێکە لەو ویلایەتانەی کە پەتای کۆرۆنا بەشێوەیەکی زۆر کاریتێکردووە. هەروەها بووە جێی سەرنجی مشتومڕی نیشتمانی لەسەر دادپەروەری نەژادی پاش ئەوەی لە مانگی هەشت لە کینۆشای ویسکانسن هاوکاتی ناڕەزاییەکان و خۆپیشاندانە نائارامەکانی سەرانسەری وڵات پۆلیس تەقەی لە جەیکەب بلەیکی ئەمەریکای ڕەشپێست کرد.

هه ردوو  کاندید ترەمپ و بایدن به پەیامی جیاوازەوە سەردانی کینۆشایان کرد. بایدن تیشکی خستە سەر بەرەنگاربوونەوەی ڕەگەزپەرستی سیستماتیک لەکاتێکدا سەرۆک پشتیوانییەکانی بۆ یاسا و فەرمان دوو هێندە کرد.

میشیگەن

میشیگەن، ویلایەتی پیشەسازی، بەهۆی پەتای کۆرۆناوە زیانێکی زۆری ئابوری بەرکەوتووە. لە زۆربەی بەشەکانی وڵات زیاتر لەوێ کاروکاردارەکان زیانیان لێکەوتووە. سەرۆک هانی لایەنگرانی داوە لۆمەی پارێزگاری دیموکراتی ویلایەتەکە، گرێچن ویتمەر بکەن. بۆ داخستنی کار و بازاڕەکان.

کەمپەینی ترەمپ ئەو کەسانەی میشیگەن دەکاتە ئامانج کە ئەجێندای ژینگەیی دیموکراتەکان بە زیان بۆ ئەو کرێکارانە دەزانن کە پشت بە کارگەکان دەبەستن.

بایدنیش ئەو پەیامە زیاتر بڵاودەکاتەوە کە ترامپ، "هیچ بەرنامەیەکی نییە بۆ کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسەکە، هیچ ستراتیژیەتێکی نییە بۆ دەرکردنی ئابوریمان لەو پاشەکشێیەی کردویەتی." بایدن بەڵێنیشی داوە وەگەڕخستن لە کار و ژێرخانی گرنگی ئەو ویلایەتەدا بکات.

پێنسلڤانیا

بایدن لە شاری سکرانتنی پێنسلڤانیا لە دایک بووە، لەوێ تیشکی خستووەتە سەر پێشینەی خێزانەکەی وەکو چینی کارکەر تا بتوانێت دەنگی ئەو سپی پێستانە بەدەستبهێنێتەوە کە زانکۆیان نەخوێندووە و لە ساڵی ٢٠١٦ زۆربەی دەنگەکانیان بۆ ترەمپ چوو، ئەوەش یەکەمجار بوو لەوەتەی ساڵی ١٩٨٨ وە دەنگی ئەو ویلایەتە بۆ کاندیدێکی کۆماریی بچێت.

ڕۆبەرت گریفن بەڕێوەبەری گروپی دیموکراسی بۆ توێژینەوە لەسەر دەنگدەران دەڵێت لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٠ پێنسلڤانیا بۆ ترەمپ زیاتر گرنگە. دەشێ ئەو ویلایەتە بێت کە ببێتە مایەی گەیشتن بە ٢٧٠ دەنگی نوێنەران بۆ بایدن، "بەڵام لەوانەشە دەرەنجامی خراپیشی نەبێت ئەگەر تەنانەت بایدن لەوێ نەشباتەوە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی وا دیارە بایدن لە شوێنەکانی تری وەکو فلۆریدا و ئاریزۆناش لە پێشە."

فلۆریدا

لە ئێستادا بایدن بە ئەستەم لە فلۆریدا لە پێشە، ئەو شوێنەی کە زۆرترین رێژەی بەساڵاچووانی لە وڵاتەکەدا تێدایە لەگەڵ ئەو پەیامەدا کە باش مامەڵەنەکردنی بەڕێوەبەرایەتیەکە لەگەڵ پەتای کۆرۆنا، بوو بەهۆی گیانلەدەستانی ژمارەیەکی زۆری بەساڵاچووان، ئەو چینەی کە مەترسی زیاتری پەتاکەیان لەسەرە.

ترەمپ بە درێژایی هەڵمەتەکەی تیشکێکی زۆری خستووەتە سەر فلۆریدا، زوو زوو سەردانی هاوینەهەواری مارا لاگۆی خۆی دەکات و تۆمارکردنی دەنگدەری نوێ لە ویلایەتەکەدا زیاد دەکات وەکو بەشێک لە هەڵمەتەکەی بۆ قایلکردنی چینە کرێکارە سپی پێستەکان بۆ دەنگدان کە پێشتر دەنگیان نەدەدا.

لێکۆڵەری کۆماری ویت ئایرس لە دەزگای لێکۆڵینەوەی بیروڕای نۆرت ستار دەڵێت، " ئەگەر جۆ بایدن فلۆریدا بباتەوە، زۆر قورس دەبێت بۆ دۆناڵد ترامپ ٢٧٠ دەنگی نوێنەران کۆبکاتەوە کە ئەو ژمارەیە پێویستە بۆ بردنەوەی هەڵبژاردن. ئەو دەشڵێت، "بەڵام ئەگەر ترەمپ فلۆریدا بباتەوە بایدن هێشتا رێگەی تری هەیە، ئەڵبەتە رێگەکان زۆر تەسک دەبن بۆ کۆکردنەوەی ٢٧٠ دەنگی نوێنەران."

کارۆلاینای باکور

لە ماوەی ١٠ خولی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی رابردوودا دەنگی کارۆلاینای باکور بۆ کۆمارییەکان  بووە، بێجگە لە باراک ئۆباما لە ساڵی ٢٠٠٨. شیکەرەوەکان ئەمە وەک نیشانەی گۆڕینی فراوانتر لە دیمۆگرافیا لە بەشی باشووری وڵات دەبینن، کە تیایدا ژمارەی دانیشتوانە زۆر جۆراوجۆرەکانی رەنگە لە بەرژەوەندی دیموکراتەکاندا بێت.

کرس کوپەر پرۆفیسۆری زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی رۆژئاوای کارۆلاینا دەڵێت، "زەحمەتە سەرۆک ترەمپ بەبێ کارۆلاینای باکور بتوانێت بگاتەوە کۆشکی سپی."

کوپەر گوتیشی باشوور زیاتر لە ١٠ ساڵە پێگەی بەهێزی کۆمارییەکان بووە ئەگەر ترەمپ بەشێوەیەک لە شێوەکان کارۆلاینای باکور بدۆڕێنێت ئەوا ئەگەری لەدەستدانی فلۆریداش زیاتر دەبێت.

ئەریزۆنا

ئەریزۆنا لە ساڵی ١٩٥٢ وە دەنگی بە کۆماری داوە بێجگە لە ساڵی ١٩٩٦ کە دەنگی بە کلنتۆن دا.

لە ئێستادا ویلایەتەکە بەلای بایدندا دایدەشکێنێت بەهۆی ئەو رەوتەی کە دەنگی دیموکراتەکان لەناو دەنگدەرانی دەرەوەی شاردا زیادی کردووە و جۆاوجۆربوونی دەنگدەرانی ویلایەتەکە بەتایبەتی گەشەسەندنی خێرایی دەنگدەری ئیسپانی. دەنگدەرە لایتینەکان لە ساڵی ٢٠١٦ بە زەحمەت بوون بە یەک لە سەر پێنجی دەنگدەرانی ئاریزۆنا. کلنتۆن بە ئاسانی دەنگی لاتینۆکانی بەدەست هێنا.

بەساڵاچوان رۆڵێکی گەورە دەگێڕن لە بڕیاردان لەسەر چۆنیەتی دەنگی ویلایەتەکە لە ساڵی ٢٠٢٠ دا . چەندین کۆمەڵگەی خانەنشین لە ویلایەتەکەدا هەیە و دەنگدەرانی کەمێک لە باقی وڵاتەکە بەتەمەنترن.

ترەمپ لە ساڵی ٢٠١٦ بە جیاوازییەکی زۆر کەم لە هەر ئەو شەش ویلایەتەدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام ڕاوەرگرتنە گشتییەکان لە ئێستادا ئاماژە بەوەدەکەن بە ئەندازەیەکی کەم لە هەر شەشیاندا بایدن لە پێشە.

"دەنگی ئەمریکا – ئێن ئاڕ تی"