سەردێڕ:

دەنگدانی پێشوەختەی ئەمریکا رێژەی ٢٠١٦ی تێپەڕاند

نزیکەی ٦٠ ملیۆن کەس دەنگیداوە
فۆتۆ: 
2020-10-26

3299 جار خوێندراوەتەوە

میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، رێژەی بەشداریکردنی پێشوەختەی ئەلیکترۆنی و رۆشتن بۆ بنکەکانی دەنگدان، بەرزترە لە هەمان دەنگدانی پێشوەختەی ساڵی ٢٠١٦.

ئاماژە بەوەشکراوە، کە تاوەکو ئێستا لە کۆی نزیکەی ١٥٠ ملیۆن کەس کە مافی دەنگدانیان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ٢٠٢٠ی ئەمریکادا هەیە، ٥٩ ملیۆن کەس دەنگیانداوە و لەو ژمارەیەش، زیاتر لە ٤٠ ملیۆن کەس لە رێگەی ئەلیکترۆنی و زیاتر لە ١٩ ملیۆن کەسیش لە رێگەی رۆشتن بۆ بنکەکان دەنگیانداوە.

باس لەوەشکراوە، کە بەگوێرەی داتاکانی ساڵی ٢٠١٦، لەو ساڵەدا تا ئەمڕۆ کە ٢٦ی ئۆکتۆبەرە، تەنیا ٥٧ ملیۆن کەس دەنگی بۆ هەریەک لە هیلاری کلینتۆنی کاندیدی کۆمارییەکان و دۆناڵد ترەمپی کاندیدی کۆمارییەکان دابوو.

لە ئێستادا بەپێی راپرسییەکان، جۆ بایدنی کاندیدی دیموکراتەکان بە رێژەی ٥٢% دەنگیپێدراوە لەکاتێکدا دۆناڵد ترەمپی کاندیدی کۆمارییەکان بە رێژەی ٤٢% دەنگیپێدراوە.

لەلایەکی دیکەوە، میدیای کۆمارییەکانی ئەمریکا بڵاویانکردووەتەوە، کە زۆرینەی ئەندامانی کۆمارییەکان لە رێگەی بنکەکانەوە دەنگدەدەن و لە رۆژی ٣ی ئەم مانگەدا بەشداری دەکەن.

هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا لە رێگەی دەنگدانی راستەوخۆی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتەوە ناکرێت، بەڵکو هاوڵاتیان دەنگ بە سیناتۆر و نوێنەرەکانی خۆیان دەدەن لە ناوچەکانیاندا و دواتر بە دەنگی ئەوان سەرۆک هەڵدەبژێردرێت.

وابڕیارە ٣ی تشرینى دووەمى ئەمساڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڕێوەبچێت و گەلی ئەمریکا ٤٦ەمین سەرۆکی خۆیان هەڵبژێرن.