سەردێڕ:

هەرێم و بەغدا لەسەر ئەم پرسە کۆدەبنەوە

فۆتۆ: 
2020-10-25

10292 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی باڵای سەرژمێری دانیشتوان رایگەیاند، تیمی هونەریی لە بەغداوە سەردانی هەولێر دەکەن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئامادەکاریی بۆ دانانی پلانێکی گشتی لەپێناو ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی لە ئەمساڵدا.

ئەمڕۆ یەکشەممە، سیروان محەمەد ئەندامی دەستەی سەرەکی ئاماری هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، "دەستەی ئامار پێشنیازێکی خستووەتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران تا سەرژمێریی و ئاماری گشتی بەهۆی دۆخی قورسی ئابوری و دارایی عێراق و بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە بۆ یەک ساڵی تر و تا کۆتایی ٢٠٢١ دوا بخات".

راشیگەیاند، "تیمی هونەریی ئاماری عێراق لەم هەفتەیەدا سەردانی هەولێر دەکەن، گفتوگۆ دەکەن لەبارەی چۆنێتی داڕشتنەوەی دەستەکە بۆ دانانی پلانی تایبەت بۆ سەرژمێری و ئامار لە قۆناغی داهاتوودا".

دەشڵێت، "خشتەیەکی ورد بۆ ماوەی یەک ساڵ دانراوە تا بە باشترین شێوە کاری پێبکرێت".

باسی لەوەشکرد، "ئەگەر نەتوانرا بگەین بە قۆناغی ئامادەکاریی تەواو بۆ ئەنجامدانی سەرژمێریەکە، ئەوا بڕیاری تر دەدرێت".

بڕیارە ساڵی داهاتوو سەرژمێری گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و هەموو ئەو ناوچانەش بەڕێوەبچێت کە بە سنووری مادەی ١٤٠ ناسراون. بڕیارەکە کە دەبوایە ساڵی ٢٠٠٧ جێبەجێبکرێت و بۆ ساڵی ٢٠١٧ و دواتر بۆ ساڵی ٢٠٢٠ دواخرا، بەڵام لە ٢٠٢٠یشدا بەهۆی کۆرۆناوە بۆ ٢٠٢١ دواخراوە.