سەردێڕ:

لە هێرشێکی چەکداریدا لە کامیرۆن شەش منداڵ کوژران

فۆتۆ: 
2020-10-25

2145 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسانی وڵاتی کامیرۆن رایانگەیاند، بەهۆی هێرشی هەڕەمەکی گروپێکی چەکدارییەوە بۆ سەر قوتابخانەیەک لە شاری کوبای ئەو وڵاتە، شەش منداڵ کوژران و نزیکەی هەشتی دیکەش بریندار بوون.

لە راگەیەندراوێکدا بەرپرسانی ئەمنی شاری کوبای کامیرۆن ئاشکرایانکرد، هێرشبەرەکان ماتۆڕسکیلیان پێبووە و جلوبەرگی مەدەنیان پۆشیوە، لە هێرشەکەشدا قوتابخانەیەکیان لە ناوەندی ئەو شارە کردووەتە ئامانج.

هەروەها، بەهۆی روداوەکەشەوە ژمارەیەک خوێندکار کە ویستویانە خۆیان رزگاربکەن، لە پەنجەرەی نهۆمی دووەمی قوتابخانەکەوە خۆیان هەڵداوەتە خوارەوە و بەوهۆیەشەوە بریندار بوون.

ئاماژە بەوەشکراوە، هێشتا روون نیە، ئایا هێرشەکە پەیوەندی هەیە بە ململانێ بەردەوامەکانی نێوان سوپا و ئەو گروپانەی کە دەیانەوێت وڵاتێکی سەربەخۆ بە ناوی "ئەمبازۆنیا" دروستبکەن لە ناوچەی رۆژئاوای ئەو وڵاتەدا.

لەبارەی رووداوەکەشەوە، سەرکردەیەکی دیاری جوداخوازان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی، "گروپەکەمان سەرقاڵی ئامادەکردنی راگەیەندراوێکە و تیایدا بە توندی ئیدانەی رووداوەکە دەکەین". بەڵام هیچ زانیارییەکی دیکەی ئاشکرا نەکردووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، ساڵی ڕابردوو بەرپرسانی ئەو وڵاتە جوداخوازانیان بە ڕفاندنی دەیان منداڵی خوێندکار تۆمەتبار کرد، لەکاتێکدا گروپەکە رەتیدەکەنەوە.