سەردێڕ:

تەندروستی عێراق: لە قۆناغی یەکەمدا ڤاکسین بە کەسانی بەتەمەن دەدرێت

فۆتۆ: 
2020-10-25

7255 جار خوێندراوەتەوە

تەندروستی عێراق رایگەیاند، لە قۆناغی یەکەمی گەیشتن و دابەشکردنیدا، ڤاکسینی کۆرۆنا بەسەر کەسانی بەتەمەن و هێزەکانی ئاسایش و کارمەندانی تەندروستی و ئەو کەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە دابەشدەکرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، حەسەن تەمیمی وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراقی لە لێدوانیکیدا بە رۆژنامەی سەباحی فەڕمی راگەیاند، "لە قۆناغی یەکەمی گەیشتن و دابەشکردنیدا، ڤاکسینی کۆرۆنا دەدرێت بەو کەسانەی تەمەنیان لە سەرو ٥٠ ساڵە و هاوکات، بە هێزەکانی ئاسایش و کارمەندانی تەندروستی و ئەو کەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە دەدرێت".

عێراق بە مەبەستی هێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ وڵاتەکە، لەگەڵ هەریەک لە روسیا و چین و بەریتانیادا لێکتێگەیشتنی کردووە و لە حاڵەتی بە تەواوەتی بەردەستبوونی ڤاکسیندا دەیهێنێت و بە وتەی بەرپرسانی تەندروستی "بە خۆڕایی" بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشیدەکات.

پێشتریش، حکومەتی عێراق ئامادەیی خۆی نیشاندابوو کە هەر ڤاکسینێک هاوردەی وڵات بکات لەکاتی پەسەندکردنی لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانیەوە.

لە ئێستادا دەیان وڵات و دەیان کۆمپانیای دەرمان و شارەزایان کێبڕکێی دروستکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا دەکەن و لە هەندێک وڵاتیشدا، قۆناغی سێیەم و کۆتایی تاقیکردنەوە لەسەر مرۆڤ لە تەواوبووندایە.

ئەگەرچی بەشێوەیەکی ئاسایی ڤاکسینی هەر جۆرە ڤایرۆسێک ١٢ تاوەکو ١٨ مانگ دەخایەنێت، بەڵام شارەزایان دەڵێن، بەهۆی ئەو هەوڵە بە کۆمەڵەی وڵاتان بۆ بەرهەمهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا، دەشێت زووتر بەردەست ببێت.