سەردێڕ:

لەبارەى دابەشکردنى نەوت لە سنورى سلێمانى رونکردنەوە دەدرێت

فۆتۆ: 
2020-10-24

11979 جار خوێندراوەتەوە

قائیمقامى سلێمانى ڕایگەیاند، ئەو بڕە نەوتەى حکومەتى عێراق ڕۆژانە دەینرێت بۆ سلێمانى و هەڵەبجە ڕۆژانە کۆدەکرێتەوە و هەرکاتێک بڕى پێویست کۆکرایەوە بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشدەکرێت.

ئاوات محەمەد، قائیمقامى سلێمانى، بە ئێن ئاڕ تى ڕاگەیاند، "ئەو بڕە نەوتەى حکومەتى عێراق لەسەر ڕاسپاردەى مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق کە ڕۆژانە دەینرێت بۆ پارێزگاى سلێمانى چوار تەنکەر و بۆ پارێزگاى هەڵەبجە یەک تەنکەر ڕۆژانە لەگەنجینەکانى بەڕێوەیەرایەتى نەوت و کانزاکان کۆدەکرێتەوە و هەرکاتێک بڕى پێویست کۆکرایەوە بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشدەکرێت".

ئاماژەى بەوەشکرد، "بۆ ئەمساڵ دابەشکردنى نەوتى سپى بەسەر هاوڵاتیاندا لەو ناوچانەوە دەست پێدەکات کە ساڵى ڕابردوو پرۆسەکەى تێدا وەستا".

لە بەروارى ١٥ى ئەم مانگەشدا پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، "حکومەتی فیدڕاڵ بڕیاریداوە بڕی نەوتی تەرخانکراو بۆ پارێزگاکانی هەرێم لە ٥٠ ملیۆن لیترەوە بۆ ١٥٠ ملیۆن لیتر زیادبکات".

لە ماوەی رابردوودا، بەڕێوەبەری سوتەمەنی ھەولێر رایگەیاندبوو، بڕیارە حکومەتی عێراق بە دوو قۆناغ بڕێک نەوت بداتە هەرێم، کە لە قۆناغی یەکەمدا ٥٠ ملیۆن لیتر نەوتە و لە مانگی داهاتووشدا دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

ئەوەش دوایی ئەوەدێت، ڕۆژى چوارشەممە، ٢١ى تشرینى یەکەمى ٢٠٢٠، لە ناحیەى سیدەکانى سەربە قەزاى سۆران نەوتى سپى بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشکرا و بۆ هەر بەرمیلێک نەوتیش بڕى ٤٦ هەزار دینار وەرگیرا لە هاوڵاتیان.