سەردێڕ:

لە میسر دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان دەستیپێکرد

فۆتۆ: 
2020-10-24

1066 جار خوێندراوەتەوە

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، دەرگای بنکەکانی دەنگدان بە ڕووی ٣٣ ملیۆن دەنگدەر لە ١٤ پارێزگای میسر کرایەوە. هاوکات، هەڵبژاردنەکە دوو قۆناغە و ئەمە یەکەمیانە کە دوو رۆژ دەخایەنێت.

لە قۆناغی یەکەمدا، هەزار و ٨٧٩ پاڵێوراو لە ٧١ بنکەی هەڵبژاردندا بە شێوازی تاکەکەسی کێبڕکێ دەکەن. هەروەها، قۆناغی دووەمیش لە رێكکەوتی حەوت و هەشتی مانگی تشرینی دووەمدا لە ١٣ پارێزگای دیکەی ئەو وڵاتە، لەنێویشییاندا قاهیرەی پایتەختی ئەو وڵاتە بەڕێوە دەچێت.

پرۆسەی دەنگدان، تا کاتژمێر ٩ی شەوی سبەی یەکشەممە دەخایەنێت و دواتر پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان دەستپێدەکات. دوای کۆکردنەوەی ئەنجامەکان لە لیژنەی گشتی هەڵبژاردنەکان، ڕەوانەی دامەزراوەی هەڵبژاردنی نیشتیمانی میسر دەکرێن، کە بەفەڕمی ئەنجامەکان رادەگەینێت و دیاری دەکات کێ دەتوانێت پەرلەمانی داهاتوو بەڕێوەببات.

بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەمساڵ، لەژێر یاسای نوێی هەڵبژاردندا جێبەجێ دەکرێت کە تیایدا لە سەدا ٥٠ی کورسییەکان لە کۆی ٥٦٨ کورسی پەرلەمانی، لە رێگای لیستی پێشوەختەوە پڕدەکرێنەوە، سەرەڕای ئەمەش؛ بەگوێرەی یاساکە عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی ئێستای میسر دەتوانێت تا ٢٨ ئەندامی تری پەرلەمان لەو بڕە کورسییەی دیکە دیاریبکات، رەخنەگرانیش ئەم یاسایە لەبەرژەوەندی سیسی لەقەڵەم دەدەن.

جیاواز لەهەڵبژاردنەکانی تر، ئەمساڵ بەهۆی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، حکومەتی ئەو وڵاتە رێکاری تایبەت و پێویستی بە مەبەستی رێگریکردن لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە گرتووەتەبەر، بەوهۆیەشەوە زیاتر لە ١٠ هەزار لیژنەی چاودێری لە بنکەکاندا داناوە.