سەردێڕ:

وۆڵستریت جۆرناڵ: ئێران لە سنوری دەریایی عێراقەوە نەوتەکەی دەگوازێتەوە

لە کاتێکدا گەمارۆی ئەمریکای لەسەرە
فۆتۆ: 
2020-10-24

5606 جار خوێندراوەتەوە

رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ئێران بۆ بێکاریگەرکردنی گەمارۆکانی ئەمریکا لە رێگەی سنوری دەریایی عێراقەوە نەوتەکەی دەگوازێتەوە.

رۆژنامەکە لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە بڵاویکردووەتەوە، کە واشنتۆن نیگەرانە لەوەی حکومەتی عێراق و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە هیچ هەنگاوێک بۆ رێگری لە گواستنەوەی نەوتی ئێران ناگرنەبەر.

هەر لە راپۆرتەکەی وۆڵ ستریت جۆرناڵدا ئەوەش خراوەتەڕوو، کە ئێران بە شێوەیەکی رێکخراو نەوتەکەی بۆ نزیک بەندەری فاو لە باشوری عێراق دەگوازێتەوە و لەوێ تێکەڵ بە باری نەوتهەڵگری وڵاتانی دیکە دەکرێت، بەم جۆرەش هەموو زانیارییەک لە بارەی فرۆشیار و کڕیاری نەوتەکە دەشاردرێتەوە.

لەماوەی رابردوودا، ئاژانسی رۆیتەرزیش بڵاویکردەوە، سەرباری گەمارۆکانی ئەمریکا بەڵام لە مانگی ئەیلولدا ئێران رۆژانە یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە و ئەو بڕەش لە دوو ساڵی رابردوودا ئاستێکی پێوانەییە.

باس لەوەشکرابوو، بەهۆی گواستنەوەی نەوتی خاوی ئێران بۆ نەوتهەڵگرە بیانیەکان دیارنییە کە دواجار ئەو نەوتە بۆ چ وڵاتێک گواستراوەتەوە.

ساڵی ٢٠١٨ ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە و سزاکانی بۆ سەر ئێران گەڕاندەوە و گەمارۆی توندی خستەسەر کەرتی نەوت و سیستمی بانکی ئەو وڵاتە و بەهۆیەوە هەناردەکردنی نەوتەکە بۆ نزمترین ئاست دابەزی.