سەردێڕ:

سکرتێرى ناتۆ: ژمارەى هێزەکانمان لە عێراق زیاد دەکەین

فۆتۆ: 
2020-10-24

2992 جار خوێندراوەتەوە

سکرتێرى گشتى پەیمانى ناتۆ رایگەیاند، ژمارەى هێزەکانیان لە عێراق زیاد دەکەن، بەڵام تا ئێستا لەسەر وردەکارییەکەى رێکنەکەوتوون.

پاش کۆبوونەوەى وەزیرانى بەرگریى وڵاتانى پەیمانى ناتۆ، یانس ستۆڵنبێرگ سکرتێرى گشتى ناتۆ لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا رایگەیاند، وەزیرانى بەرگریى پەیمانى ناتۆ سەرکردە سەربازییەکانى وڵاتەکانیانیان راسپاردووە کە ژمارەى هێزەکانیان لە عێراق زیادبکەن.

یانس ستۆڵنبێرگ وتیشى، لە ئێستادا لە قۆناغى پلاندانان و هەماهەنگیدان بۆ فراوانکردنى ژمارەى هێزەکانی ناتۆ لەعێراق و هێشتا زووە بە وردى ژمارەى هێزەکان باسبکرێت، ئەوە لە کۆبوونەوەى داهاتووی وەزیرانى بەرگریدا یەکلادەکرێتەوە، بەڵام لە ژمارەى ئێستایان زیاتر دەبێت.

سکرتێرى گشتیی پەیمانى ناتۆ باسى لەوەشکرد، بەهۆى بڵاوبوونەوەى پەتای کۆرۆناوە ژمارەى هێزەکانی ناتۆ لە عێراق کەمکراونەتەوە، بەڵام لە ئێستادا راهێنەران و ئەندامانى دیکەى ناتۆ بە هێزى تەواویانەوە لە عێراق کاردەکەن.

پاش کۆنتڕۆڵکردنى چەندین ناوچەى عێراق لەلایەن رێکخراوى داعشەوە، وڵاتانى پەیمانى ناتۆ لە چوارچێوەى هاوپەیمانى دژى داعش هاتنە عێراق لە شێوازى راهێنان و پێشکەشکردنی یارمەتى تەکنیکى هاوکاری وڵاتەکەیان کرد.