سەردێڕ:

گەشتی ئاسمانی نێوان عێراق و ئەوروپا دەستپێدەکاتەوە

فۆتۆ: 
2020-10-23

7130 جار خوێندراوەتەوە

پاش پێنج ساڵ لە راگرتنى گەشتەکانى بۆ ئەوروپا، کۆمپانیاى فڕۆکەوانى عێراقى لە کۆتایی ئەمساڵ دەست بە گەشتەکانى بۆ چەند وڵاتێکى ئەوروپا دەکاتەوە.

بەلسەم سامر نوێنەرى کۆمپانیاى نیشتیمانى فڕۆکەوانى عێراقى رایگەیاند، کۆمپانیاکە گەشتەکانى لەنێوان عێراق و ئەڵمانیا و دانیمارک و بەریتانیا دەستپێدەکاتەوە و ئەوەش، پاش واژۆکردنى گرێبەستێکى کارکردن لەگەڵ کۆمپانیاى ئێر ئێکسپلۆرەر دێت.

راشیگەیاندووە، لە سەرەتاى مانگى کانونى یەکەمى ئەمساڵدا، چوار گەشت لە ئەڵمانیاوە دەستپێدەکات و گەشتێکیش لە کۆپنهاگنى پایتەختى دانیمارک و دانەیەکى دیکەکیش لە لەندەنى پایتەختى بەریتانیاوە ئەنجامدەدرێت.

ئەو نوێنەرەى کۆمپانیاکە باسى لەوەشکردووە، واژۆکردنى گرێبەستە نوێکە پاش سەردانى وەزیرى گواستنەوە و شاندی باڵای عێراق دێت بۆ بەرلینى پایتەختى ئەڵمانیا و چەند وڵاتێکى دیکەى ئەوروپا.

لەساڵى ٢٠١٥ەوە، بەهۆى رەچاونەکردنى مەرجە سەلامەتیەکان، گەمارۆى گەشتە ئاسمانییە راستەخۆکان خراوەتە سەر گەشتەکانى کۆمپانیاى نیشتیمانى فڕۆکەوانى عێراق بۆ وڵاتانى ئەوروپا و بە پێچەوانەشەوە.