سەردێڕ:

وێنە.. لە دوو رووداوی هاتوچۆدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا

فۆتۆ: 
2020-10-23

5482 جار خوێندراوەتەوە

ئەمشەو لە دوو رووداوی جیاوازدا کەسێک لە هەولێر و کەسێکیش لە رانیە بە رووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستدا. هاوکات، لە دوو رووداوەکەدا، حەوت کەس بریندار بوون.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە هەولێر رایگەیاند، کاتژمێر ١٠ی ئەمشەو لەسەر رێگای هەولێر - شەقڵاوە لە پشت دەرچەی تونێلی پیرمام بە دیوی شەقڵاوە دوو ئۆتۆمبێلی جۆری ئۆپڵ ڤیکترا بە هۆکاری تیژڕەوی پێکیاندادا و لە ئەنجامی رووداوەکەدا کەسێک گیانی لەدەستدا و شەش کەسیش برینداربوون و زیانێکی زۆری مادیش کەوتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە رانیە رایگەیاند، بەهۆی پێکدادانی ئۆتۆمبێلێکی جۆری بی ئێم دەبلیو و بارهەڵگرێکی بچوک، کەسێک گیانی لەدەستداوە و کەسێکیش برینداربووە.

هەر ئەمشەو، لە سنوری قەزای سەیدسادق و لە ئەنجامی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکی جۆری بی ئێم دەبلیودا کە پێشتر ئێن ئاڕ تی بڵاویکردەوە، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش برینداربوون کە دەوترێت برینی یەکێکیان سەختە.

بەگوێرەی ئاماری هاتوچۆی هەرێم، لەساڵی ٢٠١٩دا، زیاتر لە چوار هەزار و ٤٠٠ رووداوی هاتوچۆ لە هەرێم روویداوە و تیایدا ٥٧٥ کەس گیانیان لەدەستداوە و شەش هەزار و ٨٠٠ کەسیش بریندار بوون.