سەردێڕ:

خۆپیشاندەرانی عێراق کیانێکی سیاسی بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی ساڵی داهاتوو پێکدەهێنن

فۆتۆ: 
2020-10-23

2243 جار خوێندراوەتەوە

وابڕیارە یەکشەممەی داهاتوو، کە ساڵێک بەسەر خۆپیشاندانەکانی بەغدا و شارەکانی دیکەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق تێپەڕدەبێت و نزیکەی ٦٠٠ کوژراو و هەزاران برینداری لێکەوتەوە، خۆپیشاندەران کیانێکی سیاسی بە ناوی "بەرەی ئۆکتۆبەر" دابمەزرێنن و بەشداریکردنیشیان لە هەڵبژاردنی ساڵی داهاتوودا رابگەیەنن.

رۆژی یەکشەممەی داهاتوو ساڵیادی خۆپیشاندانەکانی عێراقە، کە بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری سەرەتایی و گەندەڵی دارایی و ئیداری و نەبوونی هەلی کار، هاوڵاتیان رژانە سەر شەقامەکان و بەشێکی زۆریشیان دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان بوون و داوای دامەزراندن و چاکسازییان دەکرد.

سەرەتا هاوڵاتیان لە بەغدای پایتەختەوە و لە گۆڕەپانی تەحریر دەستیان بە خۆپیشاندان کرد، ئەو شوێنە بوو بە سیمبولی خۆپیشاندانەکانی عێراق و دوای ئەویش شارەکانی تری ناوەڕاست و باشوری عێراق دەستیان بە خۆپیشاندان کرد وەکو بابل و ناسریە و بەسڕە و سەلاحەدین و چەند شارێکی تر.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی حوڕە، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو، لە کۆنفراسێکدا خۆپیشاندەرانی عێراق لە بەغدا ''بەرەی ئۆکتۆبەر'' رادەگەیەنن.

هاوکات، خۆپیشاندەران بە نیازن ناوی کیانە سیاسییەکەیان بە مەبەستی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لە ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢١ لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقیشدا تۆماربکەن.

ئەگەرچی دوای چەندین مانگ لە هێنان و بردنی سیاسی و کاندیدکردنی چەند کەسێک، دواجار مستەفا کازمی لە ٧ی ئایاری ئەمساڵدا حکومەتی نوێی عێراقی پێکهێنا.

بەشێک لە چاودێران پێیانوایە دروستکردنی کیانێکی سیاسی لەلایەن خۆپیشاندەرانی مەیدانی تەحریری بەغداوە بە مانای بێهیوابوونیان دێت لە سەرۆکوەزیرانە نوێکەی عێراق کە دوای چەند مانگ لە دەستبەکاربوونیشی، هێشتا کێشە و گرفتەکانی عێراق وەکو خۆیان ماون و هەنگاوێکی ئەوتۆ بەرەو چاکسازی راستەقینە نەنراوە.