سەردێڕ:

تەندروستی ئەمریکا دەرمانێکی بۆ چارەسەری کۆرۆنا پەسەندکرد

فۆتۆ: 
2020-10-23

4533 جار خوێندراوەتەوە

فەرمانگەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا، بۆ یەکەمجار دەرمانێکی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنای پەسەندکرد، کە پێشتر بەکارهێنراوە و قۆناغی چاکبوونەوەی پێنج رۆژ کەمکردووەتەوە.

فەرمانگەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دەرمانی ڤێکلوری پەسەندکراوە بۆ چارەسەری ئەو کەسانەی تەمەنیان لانی کەم ١٢ ساڵە و کێشیان لە سەروو ٤٠ کیلۆوەیە و بەهۆی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

پێشتریش لە نەخۆشخانەکاندا، دەرمانی ڤێکلوری بەکاردەهێنرا بۆ دۆخی بەپەلەی توشبووانی پەتای کۆرۆنا، بەوەش بووە یەکەم دەرمان، کە لە لایەن فەرمانگەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکاوە پەسەندکراوە بۆ بەکارهێنان لە چارەسەرکردنی توشبووانی پەتاکەدا.

کۆمپانیای بەرهەمهێنەری دەرمانەکە، بڵاویکردەوە، دەرمانەکە رێگری دەکات لە ماددەیەک کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەکاریدەهێنێت بۆ زیادبوونی کۆپییەکانی لە جەستەدا. ئەوەشی خستەڕوو، بۆ ئەوەی دڵنیابن لە دەرمانەکە، پێویستە سەرەتا پشکنینی گورچیلە و جگەری نەخۆشەکان بکرێت.

هەروەها باس لەوە کراوە، دەرمانەکە تا ئێستا لە نزیکەی ٥٠ وڵاتدا پەسەندکراوە و خاوەنی مۆڵەتی کاتییە و لە کاتی توشبوونەکەیدا، بۆ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بەکارهێنراوە.